زاری كرمانجی-سۆران:
وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، دەست بەسەر هەموو ئەو دەرمان و گژوگیایانەدا دەگرن كە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رێكلامی “دابەزاندنی كێش”ـیان بۆ دەكرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 23-12-2023، بە ئامادەبوونی پسپۆران و بەرپرسانی تەندروستیی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان، كۆنگرەیەكی زانستی لەبارەی نەخۆشی قەڵەوی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هۆكار و چارەسەرییەكانی لە هەولێر بەڕێوەچوو.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان گووتی “بڕوا بە پڕۆپاگەندەكانی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوانەی رێكلام بۆ هەندێك گژو گیا و دەرمانانە دەكەن، گوایە كێش دادەبەزێنن؛ مەكەن، چونكە هیچیان زانستی نین و لایەنی تەندروستییان نییە، بەڵكوو خراپیشن”.
باسی لەوەشكرد، وەزارەت دەستیكردووە بە ڕاگرتن و دانانی رێنمایی پێویست و دەستبەسەرداگرتنی ئەو جۆرە گژوگیا و دەرمانانەی لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رێكلامیان بۆ دەكرێت؛ “ئەوانە هەموویان دەرمانی زیانبەخشیان تێدایە و دەبێت بە رێنمایی پزیشكی بەكاربهێندرێت، نابێت هەر كەسێك لە خۆیەوە بەكاریان بهێنێت، چونكە زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت”.
بە قسەی سامان بەرزنجی “كێشەی قەڵەوی، كێشەی هەموو تاكێكی كۆمەڵگەیە. دڵنیام ئەوەی لاوازە و تەندروستییەكی باشی هەیە، سوپاسی خوا دەكات كە قەڵەو نییە و، ئەوەی قەڵەویشە چۆن بیر لەوە دەكاتەوە خۆی لاواز بكاتەوە”.


































































