مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بە گوژمەی زیاتر لە 100 ملیۆن دینار كارەبای نیشتمانی دەگەیندرێتە تاڤگەی كانی بەست و بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ دەڵێ بۆ ساڵی داهاتوو تاڤگەكە دەبێتە یەكێك لە جوانترین شوێنە گەشتیارییەكانی ناوچەكە.
عەبدولڕەحمان ڕەسوڵ، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “پرۆژەی گەیاندنی كارەبای نیشتمانی بۆ تاڤگەی كانی بەست لە تۆڕی كارەبای گوندی وەڵزێ دەبێت و بە درێژایی 3 كم و گوژمەی 112 ملیۆن دیناری عێراقی جێبەجێ دەكرێت، لە ساڵی نوێیەوە ئەو پرۆژەیە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە،”
ئامانج لە گەیاندنی كارەبای نیشتمانی بە تاڤگەی كانی بەست هەر وەكوو بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ هێمای بۆ دەكات گرنگی دانە بە بواری گەشتوگوزاری و ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ خەڵكی ناوچەكە و دەڵێ “نزیكەی 50 خانووی گەشتیاری لە نزیك تاڤگەی كانی بەست هەیە، بۆیە ئامانج لە گەیاندنی كارەبا بۆ ئەو شوێنە زیاتر گرنگی دانە بە بواری گەشتیاری و گەشتوگوزاری، بۆیە هەوڵ دەدەین لە ساڵی داهاتوو تاڤگەی كانی بەست بكەینە یەكێك لە شوێنە گەشتیارییە هەر خۆشەكانی ناوچەكە.”
تاڤگەی كانی بەست دەكەوێتە سنووری ناحیەی قەسرێ لە قەزای چۆمان و بە یەكێك لە بەرزترین تاڤگەكانی كوردستان و عێراق ناسێنراوە و بەو هۆیەشەوە وێنەكەی لە سەر دراوی 50 هەزار دیناری عێراقی چاپكراوە.