زاری كرمانجی-سۆران:
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان، لەبارەی سەرپێچی نرخ لە بازاڕ و مارکێتەکان هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە و دەڵێت: ئەمساڵ 70 هەزار شوێنمان داخستووە.
ئەمڕۆ شەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: “یەکێک لە ئەرکەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی نرخی کاڵایە، کە بە بەردەوامی کارمان لەسەر کردووە، نەک بۆ کۆمەڵێک مارکێتێک، بەڵکو بۆ هەموو بازاڕ، لە هەر شوێنکدا بزانین نرخی کاڵا بەرز بووە، یاخود هاووڵاتییان سکاڵایان هەبێت، لەسەر نرخی کاڵا ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری ژووی بازرگانییەکانمان بکەن، بۆ بەدواداچوون لە لیستی هێنانی کاڵاکان بۆ مارکێت یاخود دوکانەکە، گەر زانیمان جیاوازی لە نرخی لیستەکەدا هەیە، ئێمە لای خۆمانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکەین گەر هەرکەسێک و هەرلایەک بێت”.
گوتیشی: “هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە، ئێمە لەسەرپێچی نرخ و کاڵا چاوپۆشی ناکەین، ئەمساڵ 48 هەزار سەردانیمان کردووە بۆ مۆڵ و مارکێتەکانی کوردستان بە گشتی، بەگوێرەی داتاکانمان لەو 48 هەزارە زیاتر لە سێ هەزار سەرپێچی هەبووە، زیاتر لە 70 هەزار شوێنمان داخستووە، زیاتر لە 338 ملیۆن سزای پێبژاردنمان هەبووە، زیاتر لە 380 تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە”.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئەوەشی خستەڕوو: “هێشتا کەسانێک هەن فرت و فێڵ لە بازاڕدا دەکەن، شتی خراپ و گران دەفڕۆشن، بۆیە ئێمە چاودێرییەکانمان توندتر دەکەینەوە، ئەمساڵ لیژنەی چاودێرییەکان فراوانتر دەکەین، لەگەڵ لیژنەی قایمقامییەت و ئاسایش و لیژنەی ئابووری”.