زاری كرمانجی- چۆمان
لەمبارەوە سالار چۆمانی، سەرپەرشتیاری گروپی شاخەوانی هەڵگورد، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان لەگەڵ شاخەوانی چالاك و لێهاتوو بابە شێخ ئەحمەد، گەشتێكی سەختمان بۆ لوتكە چیای سەكران لە سنووری قەزای چۆمان ئەنجامدا”.
گووتیشی: ” سەرەتا لە گوندی سەكران بەڕێكەوتین و لەڕێی بەردقەڵشتەوە چووینە سەر سوی سەكران و دواتر چوینەوە پشتی كانی كارێ و لەوێیەوە بۆ وارشێخان تا گەیشتینە نزیك بناوانێ و لە بەرزی 3100 متری كەمپان دانا، دیمەنەكان بە ئەندازەیەك جوان بوون بە خەیاڵ پێشبینیمان نەدەكرد، بەجۆرێك بەشی زۆری چیا سەربەرزەكانی سنووری باڵەكایەتی لە یەك شوێن دیاربوون و تەمێكی سپی ئەو دۆڵانەی داپۆشیبوو هاوشێوەی تابلۆیەك، هەرچەند لە جوانی باس بكەم هێشتا كەمە”.
گووتیشی: لەدوای نیوەشەو كەش و هەوا گۆڕا و بایەكی بەهێز بەخێرای سەروو 80كم لە كاتژمێرێك دەستی پێكرد و پارچەی دەرەوەی خێمەی دڕاند و ناچار بە یەك بەرگی خێمە لەژێر -15 پلەی ژێر سفر ماینەوە تا بەیانی، سەلامەتی و گەڕانەوەمان بووە هیواو ئامانجی گەشتەكە”.
ئاماژەی بەوەشدا: ” لە كاتی كۆكردنەوەی كەل و پەل و خێمە بەفرێكی توند دەستی پێكرد و مەودای بینین زۆر كەم بوو تا ئاستی 10مەتر هەرچواردەوری خۆمان نەدەدیت، ئەوەش بووە هۆی سەرلێشواوی و ونبوونی ڕێگای گەڕانەوە بەهەرچۆنێك بوو توانیمان ئاراستەی گەڕانەوە بدۆزینەوەو بەسلامەتی گەشتەكەمان ئەنجامدا.