زاری كرمانجی- سۆران:
یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان کۆتاییهاتنی کارەکانی نۆیەمین کۆنگرەی خۆی راگەیاند و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کۆنگرە جەختی لە هێڵە گشتی و ستراتیژییەکانی یەکێتییەکە لە پرسی ئافرەت و پرسە نیشتمانییەکان هاوتا لەگەڵ یەکتر کردەوە.
رۆژی هەینی (22ـی کانوونی یەکەمی 2023) یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “بە چاودێری سەرۆک بارزانی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، لە رۆژانی 21 و 22ـی کانوونی یەکەمی 2023) لەژێر درووشمی (هێز و توانای ئافرەت بناغەی پێشکەوتنی ئاشتی و ئابوورییە)، یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان نۆیەمین کۆنگرەی خۆی لە هەولێر ئەنجامدا”.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کۆنگرە بە ئامادەبوونی 142 ئەندام بەڕێوەچوو کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ و کۆنفرانسە ناوخۆییەکان متمانەی ئەندامێتی کۆنگرەیان بەدەستهێنابوو کە ماوەی دوو رۆژی خایەند.
لە رۆژی دووەمی کۆنگرە رەشنووسی پرۆگرام و پەیڕەوی ناوخۆ لە روانگە و ئامانج و میکانیزمی کار و پەیکەری رێکخراوەیی، دوای گفتوگۆی ئەندامانی کۆنگرە پەسەندکرا و دواتریش هەڵبژاردن بۆ ئەندامانی دەستەی نوێی مەکەتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان ئەنجامدرا.
لە بارەی هەڵبژاردنی دەستەکەوە، راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر بنەمای بازنەی جوگرافی و مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە پارێزگاکان، پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو کە حەوت هەڤاڵ وەک ئەندامی سەرەکی و سێ هەڤاڵیش وەک ئەندامی یەدەگی مەکتەبی سکرتاریەت متمانەی ئەندامانی کۆنگرەیان بەدەستهێنا و لەنێو ئەو دەستەیەشدا، سکرتێری نوێی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان هەڵبژێردرا.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئامادەبوونی جێگری سەرۆک و سەرکردایەتی پارتیمان لە مەراسیمی کردنەوەی کۆنگرەمان، گرنگی پێگە و رۆڵی رێکخراوەکەمانی لای پارتیمان زیاتر دەرخست، ئەمەش ئەرکی رێکخراوەکەمان و دەستەی داهاتووی مەکتەبی سکرتاریەتی قورستر دەکات و دەبێت لە ئاست ئەو متمانە و گرنگی پێدانە بن”.