مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، دەستگیركردنی ئەو گەنجانەی ڕاگەیاند كە لەبەردەم پارێزگای كەركووك وێنەی سەددام حسێن سەرۆكی لە سێدارە دراوی پێشووی عێراق و ڕژێمی بەعسیان بەرز كردبووە.
ئەمڕۆ هەینی 22 ی كانوونی یەكەمی 2023، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند چەند گەنجێكیان دەستگیركردووە كە لە گرتە ڤیدیۆیەكدا لە بەردەم پارێزگای كەركووك وێنەی سەددام حسێن بەرز دەكەنەوە و ستایشی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو دەكەن،
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕوونی دەكاتەوە “بە پشتبەستن بە یاسای قەدەخەكردنی چالاكی حزبی بەعسی ژمارە 32ی ساڵی 2016، كە دەستگیركردنی لایەنگران و ئەنجامدەرانی ئەو چالاكیانە دەگرێتەوە،”
دەشڵێت “لەسەر ئەو دۆسیەیە 10 كەس دەستگیركراون و دادگای تاوانەكانی كەركووك سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی بۆ دەركردن، دوای ئەوەی ئاشكرا بوو كە ئەو تۆمەتبارانە تۆڕێكن و لە ڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە كاری بڵاوكردنەوەی چالاكی حزبی بەعسی قەدەخەكراو دەكەن.