زاری كرمانجی – هەولێر:
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ڕێوڕەمسی بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند:” یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و شانازی هەیە لە قۆناخە جیاوازەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، دەشڵێت:” یەكێتیی ئافرەتان و ئافرەتانی كوردستان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانێكی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون و لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریگردن بوون لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان .
دەقی وتارەكە:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان ئەندامانی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان :
میوانانی بەڕێز :
بە بۆنەی بەستنی كۆنگرەی نۆیەمی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەكەم و هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازم. ئومێدەوارم بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنگرەكەتان ، ببێتە مایەی زیاتر بەرەوپێشچوونی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان و خزمەتكردنی گەلەكەمان.
یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و شانازی هەیە . لە قۆناخە جیاوازەكانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، یەكێتیی ئافرەتان و ئافرەتانی كوردستان بە گشتی، هەمیشە پشتیوانێكی بەهێزی پێشمەرگەی كوردستان بوون و لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریگردن بوون لە مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان .
ڕێز و پێزانینێكی زۆرم بۆ هەموو ئافرەتە تێكۆشەرەكانی كوردستان و بەتایبەتی سەركردە خەباتكارەكانی پێشوو و ئێستای یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە و خەبات و تێكۆشانیان لە پێناو مافەكانی ئافرەتانی كوردستان بەرز دەنرخێنین.
لە مێژووی گەلی كوردستاندا، ئافرەتان هەمیشە و بەردەوام، ڕۆڵێكی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە. بۆ نموونە لە ڕاپەڕین و شۆڕشەكانی گەلی كوردستان، ئافرەتان، نموونەیەكی دیاری ئازایەتیی و نیشتمانپەروەری و قوربانیدان بوون و شانبەشانی برا و باوك و ئەندامانی دیكەی خێزانەكانیان، لە سەنگەری پێشەوەی خزمەتكردن و گیان بەختكردن و پارێزگاریكردن بوون لە خاك و نیشتمان.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 ، ئافرەتانی كوردستان، رۆڵێكی كارایان لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا هەبووە و هەیە و توانیویانە بە لێهاتوویی خۆیانەوە ڕۆڵی كاریگەری خۆیان لە كایە جۆراوجۆرەكاندا بسەلمێنن.
ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی ئاست و ڕێژەی بەشداریی ئافرەتانی كوردستان لە بەڕێوەبردن و حوكمڕانیدا، ئاماژەیەكی روونە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئامانجی باشتركردنی دۆخی ئافرەتان و بەهێزتركردنی پێگەیانە لە كۆمەڵگەدا.لێرەدا جێی خۆیەتی هەر بۆ نموونە ئاماژە بەوە بدەین كە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ڕێژەی بەشداری ئافرەتان لە پلە باڵاكانی حكومەتدا، بە شێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە.
هیوادارم یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ، لەم كۆنگرەیەدا ، هەڵسەنگاندنێكی باش و بابەتیانە بۆ كارو چالاكییەكانی لە ماوەی ڕابردوودا بكات و سەرەنجام نەخشەڕێگە و پلان و بەرنامەی تۆكمە بۆ قۆناخی داهاتوو دابڕێژێت بۆ زیاتر بەرەوپێشبردن و پێشخستنی خەباتی ڕێكخراوەیی خۆی و بەدیهێنانی ئامانجەكانی لە پێناو زیاتر خزمەتكردنی ئافرەتانی كوردستان بە سوود وەرگرتن لە پێشكەوتنی خێرای تەكنەلۆژیا لەم سەردەمەدا.
داواكارم یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ، ڕۆڵی پێشەنگی خۆیان بگێڕن بۆ پێگەیاندنی نەوەیەكی نیشتمانپەروەر و ئاشتیخواز و ژینگەپارێز و كارامە بۆ پاراستنی ئەزموون و دەسكەوتەكانمان و پێشخستنی زیاتری وڵاتەكەمان
پێش ئەوەی كۆتایی بە وتارەكەم بێنم، دەمەوێ جارێكی تر سوپاسی سكرتێری یەكێتیی ئافرەتان د. ڤیان و هەموو سكرتێر و سەركردایەتییەكانی پێشووتری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بكەم و پێتان بڵێین كە ئێمە ڕێز و پێزانینێكی زۆرمان بۆ خەبات و تێكۆشانی ئێوە هەبووە، هەروەها داوای بەردەوامبوون و سەركەوتن بۆ هەموو ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە، هیوادارم لە كۆتایی ئەم كۆنگرەیە، سەركردایەتییەكی پتەو، زیرەك، خەباتكەر و تێكۆشەر هەڵبژێرن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامیی بەم ڕێگە پیرۆزە بدەن و لە ئاستی داخوازییەكانی ئافرەتانی كوردستان بن.
جارێكی تر سوپاستان دەكەم، هیوای سەركەوتن بۆ كۆنگرەكەتان دەخوازم، هیوادارم هەمیشە لە گەشەكردن و پێشكەوتندا بن. ئێوە هەر سەلامەت و سەركەوتوو بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.