موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
لە ماوەی ڕابردوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، 25ی شوباتی 2024ی وەك وادەی دیاری كراوی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان كرد، بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەڵێت، بە هەموو شێوەیەك لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین.
عوسمان قادر، كارگێڕی لقی 10ی پارتی لە سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دوای دیاری كردنی كاتی هەڵبژاردن، لە سنووری سۆران و دەرووبەری ژمارەیەكی زۆری سیڤی بۆ كاندید بوون پێشكەش بە لقی 10ــمان كراوە كە بەشێكیان ئافرەتیشن، چاوەڕوانی دواین بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی عێراق دەكەین بزانین چ بڕیارێكی نوێ لە بارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەردەكات تا خۆمان لەگەڵی بگونجێنین.
كارگێڕی لقی 10ی پارتی لە سۆران، دەڵێت، ئەگەر دادگای فیدڕاڵی هیچ كێشەیەك دروست نەكات و كۆمیسۆن بتوانێ بەو ماوە كورتە كە نزیكەی دوومانگ ماوە بتوانێ ئامادەكاری خۆی بكات، ئەوا ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە هەمووشێوەیەك لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا.
عوسمان قادر، دووپات لەوەدەكاتەوە، پێویستە هەموو لایەنەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بن، چونكە ئەگەر هەڵبژاردن بەڕێوەنەچێت لە ڕووی یاساییەوە گرفتمان بۆ دروست دەبێت و لە ڕووی نێوخۆی و نێودەوڵەتیشەوە كاردانەوەی خراپی دەبێت، لە ئێستادا پەرلەمان پەكی كەوتووە و حكوومەتیش دەبێتە كاربەڕێكەر، بۆیە بەهەموو شێوەیەك لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنین و دەمانەوێ پەرلەمان شەرعیەتی پێدرێتەوە و حكوومەتێكی كارامان هەبێت، لەهەمان كات، خەڵك نوێنەرانی خۆی بنێرێتە پەرلەمان و بەپێی بارودۆخ یاسایی نوێ دەربكات، چەندین كاری دیكە لە كوردستان پەیوەستە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و چاوەڕوانی كاراكردنەوەی دەكرێت”.