مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەمەبەستی كەمكردنەوەی رێژەی پەنابەری نایاسایی و توندكردنی یاساكانی وەرگرتنی پەنابەران، وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا و پەرلەمانی ئەوروپا لەسەر دەكردنی چەند بڕیارێك رێكەوتن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی كانوونی یەكەمی 2023، پەرلەمانی ئەوروپا و یەكێتیی ئەوروپا، چەند بڕیارێكیان سەبارەت بە كەمكردنەوەی رێژەی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا دەركرد و سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپاش رێكەوتنەكەی نێوان هەردوولا بە مێژوویی ناودەبات .
رۆبێرتا مێتسۆلا، سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس لە بارەی رێكەوتنەكەوە نووسیوویەتی “زۆر دڵخۆشم بەم رێككەوتنە و ئەمڕۆژە لە مێژوودا بە گەورەیی دەمێنێتەوە،” دەشڵێت “ئەوروپا جارێكی تر كارێكی ئەستەمی ئەنجامدا كە جێگەی شانازییە.”
ئامانجی سەرەكی رێككەوتنەكە كەمكردنەوەی ژمارەی پەنابەرانی نایاساییە كە بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا كۆچدەكەن، هاوكات بڕیار لە سەر دامەزراندنی چەند سەنتەرێكی تایبەت بۆ دیپۆرتكردنەوەی ئەو پەنابەرانە درا كە مافی پەنابەری لە یەكێك لە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا وەرناگرن و ئەو كۆچبەرانەی دەگەنە ئەوروپاش دەبێت بە زووترین كات لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و لە ئەگەری رەتكردنەوەی داوای پەنابەریەتییەكەی، راستەوخۆ دیپۆرت بكرێتەوە.
بەگوێرەی ئامارەكان تەنیا لە 11 مانگی ئەمساڵدا، زیاتر لە 355 هەزار پەنابەری نایاسایی سنووری یەكێتیی ئەوروپایان بڕیووە.
































































