زاری كرمانجی – بارزان:
دوای بەدواداچوونی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ پڕۆژە تەواونەكراوەكان بەتایبەتی پڕۆژەی ئاوی بارزان لە گەلی باڵندا بە هەول و پاڵپشتی راستەوخۆی مەلا مستەفا بارزانی دوای چەندین دانیشتن و گفتۆگۆ لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار دەست بە كارەكانی كرایەوە.
زیاب میقداد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، بۆ زاری كرمانجی گوتی:” پڕۆژەی ستراتیژی ئاوی 51 گوندی دەڤەری بارزان لە ساڵی 2013 بەردی بناغەی دانرا، بڕیار بوو لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو بكرێت، بەڵام بەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش پڕۆژەكە راگیرا، پڕۆژەكە بە ڕێژەی 75% كارەكانی تەواو بوونە، بە هەوڵ و پاڵپشتی مەلا مستەفا بارزانی دەست بە پڕۆژەكە كرایەوە و ئاو بۆ 51 گوندی دەڤەری بارزان هەر لە باڵندا بگرە تا شیوەدز، لەگەڵ بەری نزار دابین دەكات.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی بارزان، ئاشكراشی كرد:” تەواوبوونی پڕۆژەكە جگە لەوەی دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی تێچووێكی زۆر لە دابینكردنی ئاو لە ڕێگای تانكەرین، كە ئێستا بۆ زۆرێك لەو گوندانە بە تانكەر ئاو دەبردرێت، هەروەها دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوی ژێر زەوی”.