محەممەد مەحموود – سۆران :
بەردەوام ڕووداوەکانی هاتوچۆ ڕوودەدەن و بە هۆیەشەوە، هاووڵاتییان دەبنە قوربانی بە گیان لە دەست دان بێت یان کەم ئەندام بوون سەرەڕای زیانە ماددییەکان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆرانیش لە ڕێگەی زادی کرمانجیەوە باس لەوە دەکات کەوا ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سۆران هیچ قوتابییەک بە ڕووداوەکانی هاتوچۆ گیانی لە دەست نەداوە و تووشی برینداربوون و کەم ئەندامبوون نەهاتووە.
عەقید موحسین تەحسین، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند ” ئەمساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەگەڵ ئەوەی خەریکە وەرزی یەکەمی خوێندن بە کۆتا دێت ، تا ئێستا هیچ قوتابییەک تووشی رووداوەکانی هاتوو چۆ نەبووە”.
موحسین تەحسین، هۆکارەکەی زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ” دەرئەنجامی ئەو سیمینارانەی لە ناوەندەکانی خوێندن پێشکەشیان کردوون بوونەتە سەرچاوەی هۆشیاری بۆ قوتابییان بۆ ئەوەی بتوانن پابەندی یاساکانی هاتوچۆ ببن لە کاتی پەڕینەوە و هاتوچۆ کردنیان بۆ قوتابخانە و چوونەوەیان بۆ ماڵ”.
وتەبێژی هاتووچۆی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد” ئێمە زیاتر لە ڕێگەی ئەو سیمینارانەی بۆ ناوەندەکانی خوێندنمان ئەنجامداون لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران باسمان لە پەیامی هۆشیاری و چۆنیەتی ئەو ڕێنماییانە کردووە کە پەیوەستن بە بواری هاتووچۆ”.
زیاتر گوتی” بە خۆشحاڵییەوە ئەم سیمینارانە بوونە تە مایەی هۆشیاری قوتابییان و ئەمساڵ هیچ ڕووداوێکی شێلان لە نێو قوتابییان ڕووی نەداوە ساڵانی پێشتر لە کاتی کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان زۆر جار قوتابییان تووشی ڕووداوەکانی هاتوچۆ ئەبوون لە کاتی پەڕینەوەیان و هاتن و چوونیان بۆ قوتابخانە”.
عەقید موحسین تەحسین، وتەبێژی هاتووچۆی سۆران لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی ” وەک بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران، ئەمساڵ بە پلانێک دەستمان بە کۆڕ و سیمینارەکان کردووە سەرەتا لە سنووری قەزای سیدەکان و خەلیفان و چۆمان لە بەرنامەشیان دایە لە وەرزی دووەمی خوێندن لە تەواوی قەزاکان و قوتابخانەکانی سنووری ئیدارەی سۆران درێژە بەو سیمینارە هۆشیارییانە بدەن لە پێناو سەلامەتی قوتابییان لە نێو ناوەندەکانی خوێندن دا.