شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
ڕۆژ دوای ڕۆژ ناڕەزایی دژ بە شەهیدکردنی ژینا ئەمینی و پشتیوانی و پاڵپشتی خۆپیشاندەران زێدە تر دەبێت و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەموو جۆرە ڕێگایەک تاقی دەکاتەوە بۆ سەرکوتکردن و کۆنترۆڵکردنی شەقام .
بەم هۆیەشەوە بەشێک لە هونەرمەندان و وەرزشوانە دیارەکانی ئێرانی، بە ئاشکرا دژی حکومەتی وڵاتەکەیان وەستاونەتەوە و داوای ئازادی و گەڕانەوەی مافی گەلەکەیان دەکەن، ئەمەش وای کردووە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بێت و لەلایەن دەوڵەتەوە دەست بەسەر موڵک و ماڵیان دابگیرێت و قەدەخەی کارکردن و گەشتکردنیان لێ بکرێت.
ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی ئێران بڵاوبوونەتەوە، ئەکتەری بەناوبانگ مێهران مودیری، چەند ڕۆژ لەمەوبەر بە نهێنی ئێرانی جێ هێشتبوو، بەڵام دواتر گەڕێنرایەوە و پاسپۆرتەکەشی لێی وەرگیراوە، لە لایەکی دیکەوە خانمە ئەکتەری بەناوبانگ کەتایون ڕیاحی، کە بە زولەیخا ناسراوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە و تا ئێستا چارەنووسی نا دیارە.