ئاشنا ئەحمەد عایز-چۆمان
قائیمقامی قەزای چۆمان، ئاشكرای دەكات: ” كە ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ لە سنوورەكەیان ڕەزامەندیان دەرچووەو لە ساڵی نوێ دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت.
سوارا ئەكرەم قائیمقامی قەزای چۆمان بە زاری كرمانجی راگەیاند ” چەند پڕۆژەیەكی گرنگی خزمەتگوزاری لە سنوورەكەمان رەزامەندیان لەسەر دراوەو لە ساڵی نوێ دەست جێبەجێ كردنیان دەكرێت، ئەوانیش بریتین لە (درێژكردنەوەی دوو سایدی قەزای چۆمان بە درێژی یەك كیلۆمەتر، قیڕتاو كردنەوەی ڕیگای هامڵتۆن بە درێژایی 36 كیلۆمەتر، قیڕتاو كردنی ڕێگای ناوپردان، خۆشكان، ئێنێ، قیڕتاوكردنی ڕێگای هامڵتۆن بۆ قەسرێ بە درێژای 9 كیلۆمەتر، جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی ئاو لە ناحیەی قەسرێ، قیڕتاوكردنی ڕێگای گرتك و رۆست بەدرێژایی پێنج كیلۆمەتر، ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئاشی برەگیز بە گوژمەی 150 ملیۆن دینار، ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی گەشتیاری لە سنووری قەزای چۆمان)”.
قائیمقامی قەزای چۆمان، گووتیشی: ” جگەلەم پڕۆژانەش چەندین پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە بەرنامەو پلانی داهاتوون كاریان لەسەر بكەین، هەروەك ئامانجمان پێشكەش كردنی خزمەتگوزارییە لە سەرجەم سێكتەرە جیاوازەكان بە دانیشتووانی شارو شارۆچكەو گوندەكانی سنوورەكەمان.






























































