زاری كرمانجی – سۆران :
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 18ی كانوونی یەكەمی 2023، هەڵبژاردنی گشتی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستیپێكرد و 5 هەزار و 904 كاندیدی پارت و لایەنە سیاسییەكان و هاوپەیمانی و كەسانی سەربەخۆ، لە 15 پارێزگای عێراق، جگە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كێبڕكێ بەدەستهێنانی 275 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكەن.
هاوكات پارتە كوردستانییەكان لەنێو چوار ملیۆن دەنگدەری سەر ئاستی چوار پارێزگای (كەركووك، دیالە، سەڵاحەدین و نەینەوا) كێبڕكێی بەدەستهێنانی 71 كورسی دەكەن.
بۆ كورد هەڵبژاردنی كەركووك چارەنووسساز و هەستیارە، بۆیە لە تەواوی شارەكانی كوردستان بە تامەزرۆیەوە چاوەڕێ ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەو شارە دەكەن، لە ئیدارەی سەربەخۆیی سۆران یش بە هەمان شێوە هاووڵاتییان بە پەرۆشەوە چاوەڕێ ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەو شارە دەكەن و دەستیان لەسەر دڵیانە.
كەریم عەبدوڵڵا پیاوێكی بەساڵاچووی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی گووت “گرنگ نییە چ حزبێكی كوردی لەو شارە سەركەوتوو دەبێت، گرنگ ئەوەیە جارێكی تر كوردستانی بوونی ئەو شارە بسەلمێندرێتەوە و شكۆی بۆ بگەڕێتەوە،” دەشڵێت “پێویست بوو كورد لەو شارە بە یەك لیست بەشدارییان لە هەڵبژاردن بكردایە، چونكە باش دەزانین عەرەب و توركمان چ ئامانجێكیان هەیە لەم شارە، ئەگەر كورد نەتوانێت كورسی پێویست بە دەست بهێنێت شارەكەمان لە دەست دەچێت.”
كەیهان حاجی وەیسی، چالاكوانێكی ئیدارەی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “هەڵبژاردنی ئەم جارەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بۆ كورد گرنگییەكی زۆری هەیە بە تایبەت لە كەركووكی دڵی كوردستان، كە لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ هەڵبژاردن لەم پارێزگایە نەكراوە، بۆیە زۆر گرنگە كورد لە كۆی 16 كورسی 9 كورسی بە دەست بهێنێت، كە ئەمەش دەكاتە ڕێژەی (١+٥٠) كۆی كورسییەكانی ئەنجوومەن، چونكە ئاشكرایە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر، كورد هیچ بڕیارێكی بەدەست نەبووە، و چەندین بڕیاریش دراون كە دژی هاونیشتمانییانی كوردی كەركووك بوونە.”
هاوكات كەیهانی حاجی وەیسی، سەبارەت بە هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوا (مووسڵ) بەم شێوەیە قسە بۆ زاری كرمانجی دەكات و دەڵێ ” لەم پارێزگایەشدا هەمیشە كورد ڕێژەی ١/٣ كورسی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ پێك دەهێنا، بەڵام ئەگەر بێت و ڕێژەی بەشداریكردنی كورد بە هەمان ڕێژەی دەنگدانی ساڵی 2021 ی پەرلەمانی عێراق بێت، ئەوا كورد تووشی شكست دەبێت، هەر بۆیە زۆر گرنگە كوردەكانی ئەم پارێزگایە ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەن و ڕێژەی بەشداریكردن بەرز بێتەوە، بۆ ئەوەی ٩ كورسی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بەدەست بهێنێت كە ئەمەش دەكاتە ١/٣ی ڕێژەی ئەندامانی ئەنجوومەن.”
محەممەدەمین كازم، هاووڵاتییەكی تری ئیدارەی سۆرانە لەبارەی هەڵبژاردنەكانی كەركووك و نەینەوا، دەڵێت “تامەزرۆیی ڕاگەیاندنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنم، لە ئێوارەوە تاكوو ئێستا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەیری خەڵكی ناوچە جێ ناكۆكەكان بەتایبەت كەركووك دەكەم و تا ئێستا تەلەفۆنم بۆ چەند هاوڕێیەكم لە كەركووك كردووە بۆ هەواڵ پرسینی دۆخەكە و ئینشاڵڵا سەركەوتن مسۆگەرە و كەركووك دەگرێتەوە باوەشی گەرمی كوردستان، سەبارەت بە مووسڵ هیوادارم حیزبە كوردییەكان دەنگی باش لەو پارێزگایە بەدەست دەهێنن.”
جەبار مستەفا سرێشمەیی، گەنجێكی دانیشتووی ئیدارەی سۆرانە و بە زاری كرمانجی گووت “بە پەرۆشەوە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەگشتی و هەر دوو پارێزگای مووسڵ و كەركووك بەتایبەتی دەكەم، چونكە ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژوویییە سەبارەت بە كورد لەبەر ئەوەی كوردستانیان دەتوانن بە بەشداری كردنیان لە پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی دیموكراسییانە كوردستانیبوونی ئەو ناوچانە بسەلمێنن، بەتایبەت پارێزگای كەركووك كە لە دێر زەمانەوە خاك و نیشتمانی كوردان بووە، بەڵام ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بە زۆرەملێ و ڕاگوازتن و تەعریب كردن هەوڵی گۆڕینی ناسنامەی كوردستانیبوونی ئەم شارەیان داوە، بۆیە كورد دەتوانێت لەم ڕێگایەوە وەڵامی پلانی دوژمنان بداتەوە و بە دەنگی ڕەسەنی خۆیان دەسەڵاتی شارەكە بگەڕێنەوە بۆ كورد، بە هیواین زۆرترین كورد بەشداری هەڵبژاردنەكان بكەن و بزانن دەنگیان بە كێ دەدەن و كێ پەرۆش و پارێزەی ماف و دەستكەوتەكانیانە وە كێ سزا دەدەن كە كەركووك و ناوچەكانی تریان بەم ڕەوشە ناڵە بارەی ئێستا گەیاند.”


































































