زاری كرمانجی-سۆران:
قایمقامی قەزای خەلیفان، دەڵێت: پرۆژەی دووسایدی سپیلك- خەلیفان، گرنگیەكی زۆری بۆ خەلیفان هەیە و ئێستە 70% كارەكانی تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوە قۆناغی دووەمە كە كەمەربەندی خەلیفانە.
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: پرۆژەی دووسایدی سپیلك- خەلیفان كە سۆران بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و لە لایەكی تریشەوە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران دەبەستێتەوە، ئەم ڕێگایە گرنگی زۆری هەیە لە بواری گەشتیاری، بازرگانی و كشتوكاڵی بۆ سنووری ئیدارەی سۆران بە گشتی و بۆ قەزای خەلیفان بە تایبەتی، درێژی ئەو ڕێگایە دە كیلۆمەترە و لە ئێستادا كاركردن لەو ڕێگایە بەردەوامە و لە سەدا حەفتای كارەكانی تەواو بووە و ئەوەی ماوەتەوە قۆناغی دووەمە كەمەربەندی خەلیفانە.
دەشڵێ: ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی 2022 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەرد بناغەی دانرا و ماوەی پڕۆژەكە دوو ساڵە، كۆمپانیا جێبەجێكار بیست و چوار كاتژمێر كاری تیادەكات و بەر لە كۆتایی بەشێكی ڕێگاكە خراوەتە خزمەتی هاووڵاتییان و بەردەوام لە لایەن تیمەكانی سەرپەرشتیاری لە ئیدارەی سۆران و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە چاودێری دەكرێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە كارەكان بەڕێوەبچن و خودی كۆمپانیا هەوڵی جددی داوە بۆ كاركردن لەو ڕێگایەدا”.
قایمقامی قەزای خەلیفان، هێمای بۆ ئەوە كرد: درێژی ڕێگاكە دە كیلۆمەترە كە سێ ئینتەرچێنج و دوو بەرزە پردی تێدایە بۆ پەڕینەوەی هاووڵاتییان.

































































