لەگەڵ دەست پێكردنی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق، كوردانی ناوچە كێشە لەسەرەكان بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن.
بەپێی بەدواداچوونەكانی زاری كرمانجی لە سنووری پارێزگای موسل و كەركوك و شارەكانی مەندەلی و خانەقین و دۆزخورماتوو، كوردان بە جۆش و خرۆشەوە بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان دەكەن.
رەسول كەركووكی دانیشتووی گەڕەكی رەحیمئاوای كەركووك بۆ زاری كرمانجی گووتی ” ئەو غەدر و زۆرەی لە نەتەوەی كوردكرا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، هانمان دەدات بە تینێكی زۆرەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەین و كوردانی دیكەش هان بدەین بۆ بەشداری كردنیان لە هەڵبژاردنەكان”.
ئەم هاووڵاتییە زیاتر روونیكردەوە ” ئەمڕۆ بۆ نەتەوەی كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان رۆژێكی گرنگ و مێژووییە، رۆژێكە دەتوانێت غەدر و زۆرداری لەسەر خۆی لا ببات، بۆیە ئەركە بچین دەنگ بدەین”.
كاتژمێر 7ی بەیانی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە سەرتاسەری عێراق كە 15 پارێزگایە دەستی پێكردووە.