شارەزایەكی بواری كەشناسی پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی بەفر و باران بۆ سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان كرد.
هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری كەشناسی بڵاوی كردەوە:” لە 22-12-2023ەوە بەدیاریكراوی لە رۆژی هەینی لەسەر شەممە شەپۆڵێكی زۆرباشی دیكەی بەفر و بارانبارینی سەرتاسەری سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەردەوام دەبێت.”
ئەم شارەزایەی بواری كەشناسی روونیكردۆتەوە” پێشبینیی دەكرێت لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و لە ناوچە شاخاوییەكان بەهۆی دابەزینی بارستە هەوایەكی ساردی جەمسەری ئەگەری بەفربارینی باش هەبێت، بەتایبەت لە كۆتایی ئەم مانگە ئەگەری بەفربارین لەسەنتەری هەندێ لە شار و شاروچكەكانی هەرێمی كورستان هەیە.”
هەڤاڵ سەدیق راشیگەیاندووە” لە ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ئەگەری بارانبارینی مامناوەند بۆ بارانی بەخووڕ هەیە”.