ئەمڕۆ دووشەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دوای ئەوەی لە بنكەیەكی شاری بەغدا دەنگیدا رایگەیاند” هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان مافێكی دەستووریە بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزی لە وڵاتەكەدا”. داواشی لە هاوڵاتییان كرد بەشداری بكەن و دەنگەكانیان بدەن.
محەمەد شیاع سودانی بۆ كەناڵەكانی راگەیان دوا و گووتی ” سوپاسی هەموو میدیاكان دەكەم كە ڕووماڵی پڕۆسەی هەڵبژاردنیان كرد، لە هەمان كاتیشدا ستایشی رۆڵی ئەو خزمەتگوزارییە ئەمنییانە دەكەم كە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا هەوڵی ناوازەیاندا”.
جەختیشی لەوە كردەوە كە، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان مافێكی دەستووری گرنگە بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزیەت.
سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند” ئەنجوومەنی پارێزگاكان پایەیەكی گرنگی جێبەجێكاری دەوڵەتن، هەربۆیە داوای بەشداری چالاكانە لەم هەڵبژاردنەدا دەكەم”.
ڕوونیشیكردەوە، كۆمسیۆن هەوڵی ناوازەی داوە بۆ تەواوكردنی سەرجەم پێداویستییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن.
لە كاتژمێر (7:00)ی بەیانی ئەمڕۆوە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە (15) پارێزگای عێراق بە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەستیپێكرد و بڕیارە تا كاتژمێر (6:00)ی ئەم ئێوارەیە بەردەوام بێت.
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش 1 ملیۆن و 153 هەزار و 400 دەنگدەر بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك دەنگ دەدەن، هاوكات 5 هەزار و 915 كاندید كێبڕكێ لەسەر (285) كورسی بۆ ئەنجوومەنی (15) پارێزگای عێراق بە كەركوك و نەینەواوە دەكەن كە (75)یان كۆتای ژنانن و (10) كۆتای دیكە بۆ كریستیان، شەبەك، كوردی ئێزدی، كوردی فەیلی، سائیبەی مەندایین.