شەهلا رەشید- سۆران
پزیشكێك سەبارەت بە هەناوبینی دەڵێت” هەناوبینی بۆڕییەكانی زراو لە پرۆسیجەرێك بەكاردێت بۆ دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی كێشەكانی جگەر، زراو، بۆڕی زراو و پەنكریاس.
د. هیوا ئەبوبەكر، پزیشكی ڕاوێژكاری وردی نەخۆشییەكانی هەرس و جگەر، دەڵێت” لە پرۆسیجەردا تیشكی ئێكس-ڕەی لەگەڵ ئامێری هەناوبین بەكاردێت كە ڕووناكی پێوە بەستراوە، ئەمەش لە ڕێگەی دەمەوە ئەنجام دەدرێت بەرەو سورێنچك، گەدە و یەكەم بەشی ڕیخۆڵە باریكە، دوای ئەوە پزیشك پشكنین دەستپێدەكات، دواتر بۆڕیەك لە ئامێری هەناوبینییەكە دەردەچێت بەرەو پەنكریاس و ڕەنگی دەكات، بەمەش جوانتر و باشتر ئەندامەكان دیاردەبن.
ئەم پزیشكە ئاشكراش دەكات كێ پێویستی بەم جۆرە هەناوبینییە هەیە و دەشڵێت”ئەوانەی ئازاریان لە سك هەیە بەبێ هۆكار، زەردهەڵگەڕانی پێست و چاو (زەردوویی)، لە كاتی گیرانی بۆڕی زراو و هەبوونی بەردی زراو، لێچوونی شلەمەنی لە تورەكەی زراو یاخود جۆگەكانی زراو، گیران و تەسكبوونەوەی بۆڕییەكانی پەنكریاس و هەوكردنی بۆڕییەكانی زراو.