مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
چوار مامۆستای ئایینیی خەڵكی شاری پیرانشار لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینییەوە سزای 11 ساڵ زیندانیكردنیان بەسەردا سەپا.
شەریف مەحموود پوور، سەید سلێمان ئەحمەدی، سەید جەمال واژی و یوونس نەوخاە چوار مامۆستای ئایینی دانیشتووی پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی كوردستانن، ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی بەشداریكردنیان لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەركراون، دواتر بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنیی ئێرانی، بە شێوەی كاتی تا كۆتایی دادگاییكردنیان ئازاد كران و هەفتەی ڕابردوو جارێكی تر بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕووحانییەتی ورمێ كران.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی كردەوە ئەو مامۆستا ئایینییانە بە تۆمەتی واژۆكردن لەسەر بەیاننامەی مامۆستایانی كوردستان بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بەشداریكردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان و هەوڵ بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی، لەلایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ورمێ، سزای بەندكردنیان بەسەردا سەپاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، مامۆستا شەریف مەحموود پوور و مامۆستا سەید جەمال واژی، بەرنوێژی مزگەوتی گوندی “پەسوێ”ی سەر بە شاری پیرانشار، هەریەكیان سزای دوو ساڵ بەندكردنیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها مامۆستا سەید سلێمان ئەحمەدی، مامۆستای قوتابخانەی زانستە ئایینییەكانی سەڵاحەدین ئەیووبی لە پیرانشار، سزای چوار ساڵ بەندكردن و مامۆستا یوونس نەوخاە مامۆستای زانستە ئایینییەكان قوتابخانەی سەڵاحەدین ئەیووبی، سزای ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە.