زاری كرمانجی –بەڕێوەبەری گومرگەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر 14 ماددەی خۆراک لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە درێژ کرایەوە تا ئەوکاتەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارێکی نوێ لەوبارەیەوە دەدات. گوتەبێژی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەرانیش دەڵێ، بڕیارەکەیان بەدەست گەیشتووە و لێخۆشبوونی گومرگی بەردەوام دەبێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان، گوتی، ئەمڕۆ کۆتایی بەو وادەیە دێت کە پێش چەند مانگێک لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر 14 ماددەی خۆراکی هەڵگیرابوو بۆ هەرزانبوونی کەلوپەلی خۆراک، کە لە پێناو بەرژوەندیی گشتیدا حکوومەت بڕیاری لێ دا، بۆیە بڕیارەکە درێژ کرایەوە تا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێ دەدات.
عەبدولڕەحمان گوتیشی، کاتی خۆی ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەکەی داوە و پێویستە ئەنجومەن ئێستاش بڕیار بدات بەردەوام بێت یاخود کۆتایی پێ بێت، بەڵام ئەو لێخۆشبوونە قورسایی لەسەر بازاڕ و هاووڵاتیان کەم کردووەتەوە و ئەو قەیرانەی لەناوچەکە هەبووە کەمتر کاریگەری لەسەر هەرێم هەبووە، بۆیە ئەو بڕیارە لایەنی ئەرێنیی هەبووە.
لای خۆشیەوە، سیروان حەسەن، گوتەبێژی خاڵی سنووریی حاجی ئۆمەران، بۆ گوتی: “ئەو بڕیارەی درێژکردنەوەی لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر 14 ماددەی خۆراک بەدەست ئێمەش گەیشتووە و بڕیارەکە جێبەجێ دەکرێت، کە لێخۆشبوونەکەش بەردەوام دەبێت تا بڕیاری نوێمان بۆ دێت”.