زاری كرمانجی-سۆران:
پارێزەرو یاساناسێكی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، باس لە سزاو تاونەكانی ماددەی هۆشبەر دەكات و دەشڵێت، یاسایەكی نوێ لە هەرێمی كوردستان هەیە، جیا لەوەی جوداوازی لەنێوان ماددە هۆشبەرەكان كردووە و شڕۆڤەی كردوون، لەگەڵیشیدا سزای لەبار و سەختی بۆ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە داناوە.
محەمەد كەریم، دەرچووی كۆلێژی یاساو مامۆستای پەیمانگە، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” ماددە هۆشبەرەكان بابەتێكی جیهانی ئاڵۆز و پڕ لە گرفتن، چونكە مەترسی گەورە دەخاتە سەر كۆمەڵگە؛ مرۆڤایەتی بەرەو تاوانكاری و كاری ناپەسند و سەرەنجام لەناوچوون دەبات، هەر بۆیەشە جێگەی باسی توێژەر، یاساناس، دەروونناس و كۆمەڵناس…هتد”.
گووتیشی: ” خۆشبەختانە یاسایەكی نوێ لە هەرێمی كوردستان هەیە ژمارە (1)ی ساڵی 2020)، كە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكان؛ ئەم یاسایە جیا لەوەی جوداوازی لەنێوان ماددە هۆشبەرەكان كردووە و شڕۆڤەی كردوون، لەگەڵیشیدا سزای لەبار و سەختی بۆ ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە داناوە، كە لە یاساكەدا هاتوون، تایبەتیش ماددەكانی (25-26) كە سزای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتایی بۆ داناون لە ماددەی (25)، تایبەت بۆ پرسی هاوردە و هەناردە و بەگشتی بازرگانیكردن بەو ماددانەی كە لە خشتەكانی ئەم یاسایە هاتوون”.
هەروەها دیسان لە ماددەی (26)دا سزای زیندانی هەتایی یان زیندانی كاتی و پێبژاردن كەمتر نەبێت لە 30 ملیۆن و زیاتر نەبێت لە 90 ملیۆن بۆی داناون، ئەوانیش بەكارهێنان و گواستنەوە و دەستداری و هەموو ئەو حاڵەتانەی كە یاسا دیاریكردوون، هەروەها جۆری ماددە هۆشبەرەكانیش. وە ئەوانەشی مۆڵەتییان هەیە و بۆ مەبەستی دیكە ئەم ماددانە بەكاردێنن”.
ئاماژەی بەوەشكرد: ” جیا لەمەش سزای تایبەتیشی بۆ دەرمانساز و لایەنە پزیشكییەكان داناوە، كە لەبەر كورتیی مەودای بابەتەكە ناتوانم بەدرێژی لێی بدووێم و خاڵەكان دابنێم. بەڵام هەر سزای زیندانی و پێبژاردنی دیارنەكردووە، بەڵكوو دەستبەسەرداگرتنی ماددەكان و سەرمایەیی كەسەكان، هەروەها سەرمایەی منداڵ و خێزانیشیان دەخرێتە ژێر لێكۆڵینەوە، گەر هاتوو لەو سەرچاوەیە پەیدابووبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت”.

































































