زاری كرمانجی-سۆران:
فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا سنووری گوندەكانی وڵاتژێرییان لە دەڤەری بارزان بۆردومان كرد. بەڕێوەبەری ناحیەی بارزانیش، دەڵێت: لەبەر پەكەكە 10 گوند لە سنوورەكەمان چۆڵكراون و خەڵكەكەی ناتوانن بگەڕێنەوە.
ئاڵۆزییەكانی نێوان توركیا و پەكەكە لە ساڵی 1984ـەوە تا ئێستا بەردەوامە كە ئەو رێكخراوە لەلایەن توركیا، ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپاوە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی ناسراوە و بەپێی ئامارە نافەرمییەكانیش لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی نێوان دەوڵەتی توركیا و پەكەكە، زیاتر لە 40 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانیش تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیكەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی كوردستان خاپوور و چۆڵكراون، ئەوەش زیانێكی زۆری بە كەرتی گەشتیاری و كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان گەیاندووە.
بەشیر محیەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی بارزان، بۆ زاری كرمانجی گوتی: وڵاتژێری چەند گوندێك لە خۆ دەگرێت، هەندێك لەو گوندانە كە 10 گوند دەبن لەبەر چەكدارانی پەكەكە چۆڵكراون و خەڵكەكەی لە چوارچێوەی كۆمەڵەی وڵاتژێری نیشتەجێ كراون و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەموو خزمەتگوزارییەكی بۆ دابینكردووە.
بەڕێوەبەری ناحیەی بارزان، دەشڵێ: بەرنامەی حكوومەت ئەوەیە خەڵك بگەڕێتەوە سەر گوند و ئاواییەكانی خۆی، ئەو گوندانەی لەبەر پەكەكە چۆڵكراون حكوومەت خانوویان بۆ دروست كرد، پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری بۆ ئەو گوندانە دابین كران، بەڵام لەبەر پەكەكە نەك خەڵك نەیتوانی بگەڕێتەوە، بەڵكو خەڵكی ئەو گوندانە، گوند و ئاواییەكانی خۆیان چۆڵكرد، كە زۆربەی خەڵكی ئەو ناوچانە بە كاری كشتوكاڵییەوە خەری بوون، كە لەو گوند و ئاوایانە بە دەیان شوێنی گەشتیاری و مێژووی هەن، ئەگەر ئەو گوندانە ئاوەدانبانە دەبوونە خێر و بەرەكەت بۆ خەڵكی ناوچەكە.