مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان ڕادەگەیەنێت ئەمساڵ ڕێژەی خۆكوشتن و توندوتیژی دژ بە پیاوان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە و دەشڵێت بوونی قەیرانەكان و خراپی بارودۆخی ئابووری كێشەكانی خێزانی كوردی قۆڵ تر كردووەتەوە.
بورهان عەلی فەرەج سكرتێری یەكێتیی پیاوانی كوردستان بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوو 574 جۆری سكاڵا و توندوتیژی تۆماركراوە لە هەرێمی كوردستان، هەروەها 59 پیاو خۆیان كوشتووە و حەوت پیاویش بە هۆی كێشەی خێزانییەوە كوژراون،”
سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشێك لە دراما دۆبلاژكراوەكان بە هۆكاری سەرهەڵدانی چەندین كێشە لە نێوان خێزانی كورد ناو دەبات و پێی وایە بێ متمانەیەیی و ناپاكی و چەندان كێشەی تری خێزانی، بەرهەمی ئەو دراما بیانیی و تۆڕە كۆمەڵایەتییانەن كە دوورن لە داب و نەریتی كوردەواری.
بورهان فەرەج، بوونی قەیرانەكان و خراپی بارودۆخی ئابووری بە هۆكارێكی تری زیادبوونی كێشە خێزانییەكان ناو دەبات و دەڵێ “قەیرانی دارایی و ئابووری كێشەكانی نێوان خێزانی كوردی قۆڵتر كردووەتەوە، بە تایبەت لەسەر پیاوان چونكە یاسای باری كەسیتی لە پێكەوەنانی پرۆسەی هاوسەرگیری و بەردەوامبوونی پرۆسەكە پیاو یان باوك بەرپرسە لە دابینكردنی پێداویستییە دارایییەكان، بۆیە كاتێك كۆمەڵگە بە قەیرانی دارایی و ئابووری تێپەڕ دەبێت، باوك ناتوانێت پێویستییەكانی خێزان دابین بكات، بەداخەوە دەبینین ڕووبەڕووی توندوتیژی و سووكایەتی پێكردن دەبێتەوە.”
دەشڵێت “لە بوونی متمانە و خۆشەویستی بۆ خێزانەكەی، هەندێك لە پیاوان بەشێك لە موڵكەكانیان دەخەنە سەر ناوی هاوسەرەكانیان، بۆیە لە كاتی سەرهەڵدانی بچووكترین كێشە خێزانەكەی لەبەر ئەوەی لە ڕووی یاسایەوە ئەوانەی بەدەستهێناوە پەنا دەباتە بەر هەڵوەشاندنەوەی خێزانەكەی و جیا دەبێتەوە و دەست بەسەر موڵك و ماڵەكەی دەگرێت.”


































































