ده‌بێ شانۆکاران رێگه‌و تەکنیکی نوێ بەکار بێنن، بۆ ئەوەی بینەر دووبارە ئاشت بکرێتەوە”
ڕاپۆرت: به‌ختیار سه‌باح – زاری كرمانجی:
شاری رواندز لە ڕابردوو هەمیشە مەڵبەندو هەوێنی دروستکردن و بنیاتنانی بزاڤی هونەرو رۆشنبیر‌و ئەدەبی بووە. بە تایبەت هونەری شانۆ، له سه‌ره‌تای ساڵانی سییه‌كان، جولانه‌وه‌ی شانۆ له ڕواندز دهستیپێكردو ئافره‌تیش ڕۆڵی گرینگی له بزاڤی شانۆی ڕواندزدا هه‌بوو، له ساڵی ١٩٣١ یه‌كه‌مین شانۆگەری به‌ناوی (نیرۆن) نمایشکرا، لەو كاته‌وه ڕەوتی شانۆ ڕێچکەی ڕاستی خۆی گرت و بەرهەمی تری شانۆی بەدوا داهات.
هونه‌رمه‌ندی شانۆكار كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس، له‌باره‌ی جولانه‌وه‌ی شانۆ له ڕواندز گووتی ” ئه‌گه‌ر ئاوڕێك له مێژووی شانۆ له شاری رواندز بده‌ینه‌وه، ئه‌وا شانۆكارانی ئه‌و شاره ده‌بێ شانازی به كاروانی شانۆ بكه‌ن، هه‌ر چه‌نده چه‌ندین كۆسپ و له‌مپه‌ر هه‌بوون به‌ڵام توانی له‌ناو مێژووی شانۆی كوردیدا پێگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ خۆی بنووسێته‌وه”.
گووتیشی، له سه‌ره‌تای سییه‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، جووڵانه‌وه‌ی شانۆ له شاری رواندز به‌رده‌وامی هه‌بووه، وه‌ك چۆن ساڵانی هه‌شتاكان، سه‌رده‌می زێڕینی شانۆی كوردیه، ئه‌وا بێگومان له ڕواندزیش هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو شانۆ له سه‌رده‌می زێڕینی خۆی دابوو، به جۆرێك شانۆگه‌رییه‌كانی له ڕواندز، سۆران، چۆمان، هه‌ولێرو دهۆك نمایش ده‌كرد و به‌شداری فیستیڤاڵهكانیشمان ده‌كرد، ئه‌و كات هیچمان ئه‌كادیمی نه‌بووین، ته‌نیا حه‌زو خۆشه‌ویستیمان بۆ شانۆ هه‌بوو، به‌ڵام نابێ رۆڵی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو مامۆستا (زرار محه‌مه‌د مسته‌فا) مان له‌بیر بچێت، چونكه هه‌موو شانۆگه‌رییه‌كان له ده‌رهێنانی ئه‌و بوون.
لای خۆیه‌وه ئاواره عه‌بدولره‌حیم، شانۆكارو قوتابی ماسته‌ر له بواری شانۆ، له‌باره‌ی جولانه‌وه‌ی شانۆ له نێوان دوێنی و ئه‌مڕۆ گووتی: “هونەری شانۆ پەیامی گەیاندنی دەنگی ناڕازی و ستەم دیدەی گەلە، هەڵقوڵاوی مرۆڤە بەش خوراوو پڕ مەینەتە، شانۆ‌و شانۆکاران له‌به‌ره‌ی گەل، دیوە ناشرین و نا دادپەروەرییەکانی کۆمەڵگە دەخه‌نه سەر تەختەی شانۆ‌و پیشانی دەده‌ن، لە ڕابردوو گەلی کوردستان وەک گه‌لێكی ژێر دەستە و چەوساوە، خەونی بە ئازادی دەبینی و هەوڵی شکاندنی ئەو کۆت و زنجیرەی دەدا تا بگات بە کەناری ئارامی”.
زیاتر گووتی، جۆشدان و بەرزکردنەوەی ئینتیمای نەتەوەیی کاری لە پێشینەی شانۆکاران بوو، هەر بۆیەش هۆڵەکانی شانۆ پڕ دەبوون لە بینەر، شانۆکاران و هونەرمەندانی دەڤەرەکەمان لەگەڵ ئەم جوڵانەوە هونەرییە بەردەوام بوون هاوشان لەگەڵ شارەکانی تری کوردستان، ساڵانە هۆڵ و شەقام و ناوەندە هونەری و پەروەردەییەکان پڕ دەبوون لە نمایش و کاری هونەری، هەر ئەمەش وایکرد چەندان هونەرمەندی ناسراوو ئاشنا بە هەموو کوردستان دروست ببن و شانۆ هەنگاو بنێت بۆ شانۆیەکی ئەکادیمی و فێرکاری.
ئاواره باسی له‌وه‌شكرد، ناکرێت بەراوردی ئێستا بە ڕابردوو بکەین، ڕاستە پێشتر هۆڵەکان گەرم و گوڕتر بوون خەڵک بە جۆش و خرۆشەوە دەهاتە دیار شانۆ، به‌ڵام ئه‌وکات وڵاتێکی ژێر دەستە بووین، گیانی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی پاڵنەرێکی بەهێز بوو، تا خەڵک ڕوو بکاتە هۆڵی شانۆیی و گوێبیستی دروشم و دیمەنی قەومی بێت، کەواتە بینەرمان هەبووە، بەڵام کارە شانۆییەکان وەک پێویست بە کوالێتیی و بە شێوەیەکی زانستی نەبووە، هونەرمهندانی کورد پەیوەندییان بە دنیای دەرەوە لە شێواز‌و رێباز‌و فۆڕمی شانۆیی کەم بووە.
مامۆستا كامران، له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی پاشه‌كشێی هونه‌ری شانۆ، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هۆكار زۆرن كه هونه‌ری شانۆ به‌ره‌و كزی چووه، له‌وانه په‌رته‌وازیی شانۆكاران، نه‌بوونی پاڵپشتی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه، نه‌بوونی هۆڵی شانۆ، بۆ نموونه له شاری رواندز له هه‌شتاكان ته‌نیا هۆڵی قوتابخانه‌ی پاشای گه‌وره هه‌بوو، هه‌موو شانۆگه‌رییه‌كان له‌و هۆڵه نمایش ده‌كران، به‌داخه‌وه ئێستا هیچ هۆڵێكی شانۆیی نییه، هۆڵی رۆشه‌نبیریی ڕواندز بۆ نمایشی شانۆ نابێت، پێویسته ئیداره‌ی سۆران بیر له دروستكردنی هۆڵی شانۆ بكاته‌وه. ئه‌وه‌شی گووت: “ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی ڕواندز كراوه‌ته‌وه، به‌هۆی نه‌بوونی باڵه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی به‌شی شانۆ له‌و په‌یمانگایه نه‌كراوه‌ته‌وه، پێویسته ئیداره‌ی سۆران چاوێك به دۆخی هونه‌ر به گشتیی و شانۆ بخشێنێته‌وه‌و پاڵپشتی هونه‌رمه‌ندان بكات”.
“نکۆڵی لەوە ناکرێت لە رابردوو هەموویان دوور لە بیری بەدەستهێنانی سەرمایەو دەستکەوت، ئامانجیان تەنها هێنانەدی بەرهەمێکی هونەری بوو، کە بتوانێت کاریگەری لای بینەر دروست بکات، بەداخەوە ئەو روحیەتە ئێستا لای زۆربەمان نەماوە”. ئاواره وایگووت.
سه‌باره‌ت به هۆكاره‌كانی لاوازی هونه‌ری شانۆ و كه‌مبوونه‌وه‌ی بینه‌ر له ئێسته‌دا ئاواره عه‌بدولره‌حیم گووتی: “هیچ کات ئێمە کێشەی بینەرمان نییە، بەڵکو کێشەی نەبوونی بەرهەمی شانۆیی باشمان هەیە، بۆ بەرهەمی جوان بینەری جوانمان هەیە، بینەری جیدی و بنیاتنەرمان هەیە، شانۆ بەبێ بینەر پرۆسەیەکی تەواو نەکراوە، کەمبوونەوەی بینەریش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، له‌وانه نەبوونی نمایشی شانۆیی بەردەوام، بە چەندین ساڵ بەرهەمێکی شانۆیی نمایش ناکرێت، دەزگا رۆشنبیریی و هونەرییەکان وەک پێویست بایەخ بە شانۆ نادەن، شارێکی وەک هەولێری پایتەخت ساڵانە کەمترین نمایشی شانۆی تێدا دەکرێت، جگه له‌وه‌ش زەمەن و شوێنیش دەوری خۆی دەبینیت بۆ هەبوونی بینەری شانۆیی، ئێستا كه دونیای پێشکەوتن و تەکنەلۆجیایە بینەری دوور خستۆتەوە لە هۆڵی شانۆ، هەر بۆیەش شانۆکارانمان ئەبێت رێگا‌و تەکنیکی نوێ بەکار بێنن بۆ ئەوەی بینەر دووبارە ئاشت بکرێتەوە بە شانۆ، چونکە بینەری ئێستا جیاوازە لە بینەری ساڵانی ڕابردوو.
له‌باره‌ی ڕه‌وتی شانۆ له ڕواندز باسی له‌وه‌كرد، له ڕواندزو ده‌ڤه‌ری سۆران، توانا‌و بەهرەی زۆر باشمان هەیە لە بواری هونەر، بەڵام بە داخەوە ئەو کەشە هونەرییەی بۆ ناڕەخسێت بتوانێت لە بواری خۆی ئەفراندن بکات، کۆسپ و رێگری لەبەردەم دروست دەکرێت، گرینگی و بایەخ نەدان به توانا‌و بەهرهكان لەلایەن بەرپرسان و دەزگا هونەرییە ئیدارییه‌كان، هه‌روه‌ها فەرامۆشکردنی لایەنی هونەری و ئەدەبی و کولتووری وڵات، داهاتووێکی خراپ چاوەڕێمان دەکات.
كامران حاجی ئه‌لیاس، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پێویسته ساڵانه فیستیڤاڵی شانۆیی به تایبه‌ت شانۆی سه‌ر شه‌قام هه‌بێت و گرینگی پێ بدرێت، ته‌نانه‌ت بكرێته فیستڤاڵێكی نێوده‌وڵه‌تی و گروپ له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و عێراق بانگێشت بكه‌ین. به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی نه‌بوونی پاڵپشتی له‌و ساڵانه‌ی ڕابردوو هیچ فیستیڤاڵێك ئه‌نجام نادرێت.