زاری كرمانجی – ڕۆژی شەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە سێناتۆر کریستیان کامبۆن سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی فەڕەنسا کرد.
لە دیدارەکەدا کە ئۆلیڤیێ دیکۆتینی کونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی فەڕەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی لە بارودۆخی عێراق و کوردستان هەبوو و ڕاشیگەیاند کە سەرۆک ماکرۆن ڕایسپاردووە کە سەردانی سەرۆک بارزانی بکات بۆ وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق.
هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق خرایە بەر باس و بیروڕا لەبارەی ئەو ڕێککەوتنەش ئاڵوگۆڕ کرا کە لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننە و کورد لەسەر بنەمای دەستوور ئەنجامدراوە، جەختیش لەوە کرایەوە کە کێشەکانی عێراق لە ڕێگەی گفتوگۆ چارەسەر بکرێت.
پەیوەست بە پەلامارە مووشەکیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان، هەردوولا لێدانی خەڵکی سڤیل و بۆردومانی قوتابخانە و شوێنی مەدەنیان بە تاوانێکی گەورە لە قەڵەم دا.
لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە لە ڕۆژە سەختەکاندا پاڵپشتی گەلی کوردستان بوونە بە تایبەتیش هاتنی سەرۆک ئۆڵاند لە کاتی پەلاماری داعش بۆ سەر کوردستان ئاماژەیەکی گەورەی دۆستایەتیی گەلی فەڕەنسا و گەلی کوردستان بوو.
سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلەمانی فەڕەنساش ڕایگەیاند وڵاتەکەی بەردەوام دەبێ لە پاڵپشتی و دۆستایەتیی گەلی کوردستان. لە کۆتایی دیدارەکەشدا میدالیای پارلەمانی فەڕەنسای وەک دیاری پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد.