” لە ماوەی ئەمساڵدا لەلایەن دەزگای ئاسایشی هەرێم 5 هەزار و 806 كەس لە سەر تاوانی جۆراوجۆر دەستگیر كراون” ئەمە ئاماری دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان بوو كە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی خستیانەروو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14-12-2023، عەمید پشتیوان بەهاددین، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی لێكۆڵینەوەی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی بە پۆڵێن كراوەیی خستەروو.
چالاكییەكانی بەشی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەكان و تیرۆر:
” ژمارەی ئۆپەراسیۆنەكان 187 ئۆپەراسیۆن، گەڕان بەدوای تۆمەتباران 15 حاڵەت، دەستگیركردنی تۆمەتباران 331 كەس، هاوكاری هێزە ئەمنییەكان 66 حاڵەت، هاوكات ئەنجامدانی تاوانە ئەلیكترۆنییەكان 3هەزار و 38 حاڵەت بووە”.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە لەبارەی تاوانەكان ماددەی هشبەر و ئەو كەسانەی دەستگیر كراون، روونكرایەوە كە ” تاوانەكانی ماددەی هۆشبەر 991 حاڵەت لە خۆدەگرێت كە پێكدێت لە: ( بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەر 84 حاڵەت، بەكارهێنەر 653، فرۆشیار 254، دەستیشگیراوە بەسەر 398 كیلۆ ماددەی هۆشبەر)، هاوكات بەشی كۆچی نایاسایی و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لە دەزگای ئاسایشی هەرێم چالاككراوە و لەو بارەیەوە 233 حاڵەت هەبووە”.
بەشی ئابووری دەزگای ئاسایشی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ قائیمقامییەتەكان و دەزگاكانی ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان چەندین سەردانی ئەنجامداوە و ژمارەی سەردانیكردنی لیژنە هاوبەشەكان 34 هەزار و 730 سەردانیكردن بووە، پسوڵەی ئاگاداركردنەوە 2 هەزار و 171، پسوڵەی سەرپێچی 3 هەزار و 385 پسووڵە بووە، 115 دوكان داخراون، بڕی تاوانەكردن (غەرامە) 875 ملیۆن و 200 هەزار دینار بووە، 590 تۆن و 305 كیلۆ مەوادی بەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە و 25 كەیس ڕەوانەی دادگا كراون.
سەبارەت بە ساختەكردنی دراو 24 كەیس هەبووە و هەوڵی ڕێگریكردن لێی دراوە، لەگەڵ ئەوەشدا 64 كەیسی سپیكردنەوەی دراو هەبووە.
لە بارەی تاوانەكانی كوشتن یا خۆكوشتن و رووداوی تەقەكردن، لە كۆنگرەكە بەمشێوەیە ئامارەكە خرایەروو” لە ماوەی ئەمساڵدا 67 حاڵەتی خۆكوشتن و 127 كوشتن هەبووە، 711 ڕووداوی تەقەكردن هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگری كراوە لە بازرگانی كردن بە چەك و تەقەمەنی 101 حاڵەت هەبووە، 574 ئۆتۆمبێل دەستی بەسەرداگیراوە، هاوكات 496 جۆر چەكی جیاواز و 925 جۆری تەقەمەنی دەستی بەسەرداگیراوە”.