مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هەر یەك لە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری ئەمەریكا بە جیا لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی هۆشداریی وڵاتەكەیان بە سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاگەیاند و داواكارن بەئامانجگرتنی دامەزراوە و نوێنەرایەتییەكانیان دووبارە نەبێتەوە و داواشیان كردووە پێویستە عێراق پابەند بێت بە پاراستنی ئەندامانی وڵاتەكەيان لە عێراق و سووریا.
ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بە تەلەفۆن لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق گفتوگۆی كردووە و سهرهتا دەستخۆشی لە ئیدانەكانی عێراق كردووە بۆ هێرشەكان و داواشی كردووە پابەندی دەستگیركردن و دادگاییكردنی تۆمەتبارانی ئەو هێرشانە بێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە درێژەی پەیوەندییەكەدا بە سەرۆكوەزیرانی عێراقی ڕاگەیاندووە كار بكات بۆ پاراستنی گیانی ئەندامانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا.
هاوكات لە پەیوەندییەكی تری تەلەفۆنی دا، لوید ئۆستن وەزیری بەرگریی ئەمریكا دواین هۆشداری بە سەرۆكوەزیرانی عێراق داوە لە ئەگەری دووبارە بەئامانجگرتنی نوێنەرایەتییەكانیان لە عێراق، لای خۆشییەوە محەممەد شیاع سوودانی بە وەزیری بەرگریی ئەمریكا ڕاگەیاندووە كە دەتوانن بە بێ دەستوەردانی دەرەكی پارێزگاری لە نوێنەرایەتیی وڵاتان لە عێراق بكەن.
دوای دروستبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، نزیكەی 100 جار بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا لەلایەن هێزە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران هێراشی كراوەتە سەر، دواترینیان هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بوو لە بەغدا.

































































