دایكی ژینا ئەمینی : ناوی ژینا شانبەشانی ژاندارك وەك هێمای ئازادی دەمێنێتەوە
سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا : خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیروڕا، كە ئەمساڵ بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی (ژنان، ژیان، ئازادی) ستایشی هەموو ئەو ژن و پیاو و گەنجانە دەكات كە بوێری ئەوەیان هەیە بەڕەنگاری ڕژێمی ئێران ببنەوە
بەختیار سەباح –زاری كرمانجی:
لە ڕێوڕەسمێكدا ڕۆژی سێشەممە ۱۲ی كانوونی یەكەمی 2023 لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا لە ستراسبۆرگی فەرەنسا، خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادیی بیركردنەوە لە ساڵی ۲۰۲۳ بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە ئێران.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس جەمال نەجاری، دانیشتووی وڵاتی فەرەنسا بە زاری كرمانجی ڕایگەیاند “لە دانیشتنی دوێنێ پەرلەمان دا، پارێزەری ناوداری كورد ساڵح نیكبەخت، بە نوێنەرایەتیی بنەماڵەی ژینا ئەمینی خەڵاتەكەی وەرگرت، هەروەها ئەفسون نەجەفی و مێرسێدە شاهینكار، داكۆكیكارانی مافەكانی ژنانی ئێرانی كە لە ساڵی 2023 ئێرانیان جێهێشتووە، بەشداریی ڕێۆڕەسمەكە بوون و ڕێزیان لێگیڕا”.
نەجاری ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیار وابوو ئەمجەد ئەمینی و موژگان ئیفتخاری و ئەشكان ئەمینی، باوك و دایك و برای ژینا ئامادەی ڕێوڕەسمەكە بن، بەڵام ڕۆژی ٨ی كانوونی یەكەم، لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی تاران ڕێگرییان لێكراوە و كاك ئەمجەد ئەمینی بۆ ڕۆژنامەی فیگارۆی فەرەنسا هەواڵەكەی پشتڕاست كردۆتەوە، كە بەرپرسانی فرۆكەخانە نەیانهێشتووە سواری فرۆكە بن و بە ناچاری گەڕاونەتەوە بۆ سەقز، ئەوان ساڵح نیكبەخت، وەك نوێنەری خۆیان بۆ فەرەنسا دەنێرن .
ئەو ڕۆژنامەنووسە گووتیشی “رۆژى دووشەممە ۱۲ی كانوونی یەكەم، زیاتر لە ۱۰۰ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، لە نامەیەكی كراوەدا داوایان لە تاران كرد، ڕێگە بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی بدات بێنە فەڕەنسا، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ مافەكانی مرۆڤ.
لە دەسپێكی مەراسیمەكەدا، ڕۆبێرتا مێتسۆلا سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا گووتی “خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیروڕا، كە ئەمساڵ بەخشرایە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی (ژنان، ژیان، ئازادی) ستایشی هەموو ئەو ژن و پیاو و گەنجانە دەكات كە بوێری ئەوەیان هەیە بەڕەنگاری ڕژێمی ئێران ببنەوە، سەرەڕای زیادبوونی فشارەكان، بەردەوامن لە شەڕكردن بۆ مافەكانیان و هەوڵدان بۆ گۆڕانكاری، پەڕلەمانی ئەوروپا گوێتان لێ دەگرێت و پشتگیریتان دەكات. ئێوە تەنیا نین.”
سەبارەت بە پەیامی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، جەمال نەجاری پتر ڕوونی كردەوە، ساڵح نیكبەخت پەیامی مۆژگان ئیفتیخاری دایكی ژینا ئەمینی خوێندەوە، دەسپێكی پەیامەكە بە كوردی بوو، بەهۆی نەبوونی وەرگێڕ ئەم بەشە وەرگێڕانی بۆ نەكرا و تەنیا بەشه فارسییەكە بۆ ئامادەبووان، بە دوو زمانی ئینگلیزی و فەرەنسی وەرگێڕانی بۆ كرا،
لە بەشێكی قسەكانیدا دەڵێت: “ئازاری ژینا بۆ من ئەبەدییە، بۆ خەڵكیش ئەبەدییە، باوەڕم وایە كە ناوی ئەو شانبەشانی ناوی ژاندارك، وەك هێمای ئازادی دەمێنێتەوە، سوپاس و پێزانینی خۆم و خێزانەكەم دەگەیەنم بە ئێوە، با هیوامان ئەوە بێت هیچ دەنگێك لە دەربڕینی ئازادی نەترسێت”.
ژینا ئەمینی، كچە كوردی تەمەن ۲۲ ساڵ، لە ۱۳ی ئەیلوولی ۲۰۲۲ لەلایەن پۆلیسەوە لە تاران دەستگیركرا بە تۆمەتی پشتگوێخستنی یاسا حیجاب لە ئێران، دوای سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
پاش گیان لەدەستدانی ژینا، خۆپێشاندانی گەورە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. دوای سەركوتكردنی دڕندانەی ڕژێمی ئێران بۆ ئەم خۆپیشاندانانە، پەرلەمانی ئەوروپا بەردەوام ئیدانەی دۆخی خراپی مافەكانی مرۆڤی لە ئێران كردووە.
خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیركردنەوە لە ساڵی ۱۹۸۸ دامەزراوە، كە ناونراوە بۆ ڕێزلێنان لە فیزیازانی سۆڤیەت (ئەندرێ ساخارۆڤ)، كە ساڵانە لەلایەن پەڕلەمانی ئەوروپاوە خەڵات دەكرێت بۆ ڕێزلێنان لەو تاك و ڕێكخراوانەی كە بەرگری لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە بنچینەییەكان دەكەن.


































































