زاری كرمانجی – سۆران :
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی مووچەی سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاگەیاند كه پێویستە حكومەتی فیدراڵ بڕی 700 ملیار دیناری تر بۆ سێ مانگی دیكە ڕەوانەی هەرێم بكات.
ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 12ـى كانوونی یەكەمی 2023 ڕاگەیاند “دەبێت مانگانە حكومەتی عێراق ترلیۆنێك و ٣٧٥ ملیار دینار وەك پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات، چونكە ئێستا حكومەتی هەرێم هەموو پابەندییەكانی خۆی جێ بەجێ كردووە، بەڵام ئەو پارەی تا ئێستا بۆ هەرێم نێردراوە زۆر كەمە”.
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەشڵێت “یان دەبێت پاكتاوی دارایی لە نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجام بدرێت، یان پێویستە ڕێككەوتنێكی تر بكرێت و بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێك (٧٠٠) ملیار دیناری دیكە ڕەوانە بكرێت.”