مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو، دوو ئاگرى گەورە لە قەزای ناوەندی سۆران كەوتەوە، یەكێكیان لە بەنزینخانەیەكی نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان، ئاگركەوتنەوەی دووەمیش لە ڕۆژی هەینی ڕابردوو بوو لە یەكێك لە باڵەخانەكانی نیشتەجێبوون له سەنتەری قەزای ناوەندی سۆران كە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 14 كەس و برینداربوونی چەند كەسێكی تر.
لە دوای ئەم ڕووداوانەوە لیژنەیەك دروست كراوە و لە سەرەتادا بڕیار درا ئەو بەنزینخانەی نزیكن لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان دابخرێن.
ڕەجەب زوبێر، قایمقامی قەزای ناوەندیی سۆران كە لە نزیكەوە سەرپەرشتی و چاودێری پرۆسەكە دەكات لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند “لە دوای سووتانی بەنزینخانەی باوكی دیاری، ئێمە لەگەڵ بەرگری شارستانی كۆبۆنەوەیەكمان كرد لە ئیدارەی قایمقامیەت و ڕامان سپاردن لێپێچینەوەی پێویست بگرنە بەر لە بەرامبەر ئەو بەنزینخانانەی كە لەناو شاردا هەن و نزیكن لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییان بەوەی 100 % مەرجی بەرگری شارستانی جێ بەجێ بكەن، بۆ ئەوەی جارێكی تر ئەو جۆرە ڕووداوانە دروست نەبنهوه و مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان نەبێت،”
قایمقامی قەزای ناوەندیی سۆران باسى لهوهش كرد “ماوەی مانگێك مۆڵهتيان پێ درا تا مەرجەكان جێبەجێ بكەن، بەڵام كەمتەرخەمیان كردو ڕێنمایی و مەرجەكانیان پشتگوێخست، بۆیە 13 بەنزینخانەمان داخست و دوای ئەوە 3 لەو بەنزینخانانە مەرجەكانیان جێ بەجێ كرد و ڕێمان پێدان كارەكانی خۆیان بكەن و 10 بەنزیخانەش داخراوە تا ئەو كاتەی تەواوی مەرجەكانی بەرگری شارستانی جێ بە جێ دەكەن،”
دەشڵێت “ئەوانەی شوێنیان گونجاوە، پابەند دەكرێن بە دابینكردنی پێداویستی سەلامەتی و لیژنەیەكیش بە بەردەوامی چاودێری ئەو بەنزینخانانە دەكات.”