زاری كرمانجی-سۆران
مامۆستایەكی زانكۆ دەڵێت، دەبێت چ بڕوایەكمان بە عێراقێكی یەكگرتوو هەبێت كە بە گرێبەست مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدات، لەكاتێكدا بەپێی دەستووری عێراق هاوشێوەی هاووڵاتییانی عێراق مافی ئابووری و ئاسایشی ژیانییان هەیە.
د. سانع شەریف، مامۆستا لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەكان و بەڕێوەبردن لە زانكۆی سۆران، بەزاری كرمانجی راگەیاند: ” دەبێت چ بڕوایەكمان بە عێراقێكی یەكگرتوو هەبێت كە بە گرێبەست مووچەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بدات، لەكاتێكدا بەپێی دەستووری عێراق هاوشێوەی هاووڵاتییانی عێراق مافی ئابووری و ئاسایشی ژیانییان هەیە. ئەمە جگەلەوەی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری عێراق خاوەن كیانێكی دەستورییە لە ناویشیاندا حكومەتی هەرێمی كوردستان”.
دەشڵێت: ” دەبێت دەسەڵاتدارانی عێراق چۆن هەست بە بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و دەستوری نەكەن بەرامبەر چەوساندنەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان؟ ئایا ئەگەر دەسەڵاتدارانی عێراق بیانەوێت یان هاوخەمی خەڵك و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بن دەبێت نەزانن كە تا ئێستا ئەوان مووچەی سێ مانگیان وەرنەگرتووە؟ ئایا ئەو نوێنەرە كوردانەی كە خۆیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان جیاكردۆتەوە بۆچی ناتوانن ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن، ئەمە خەریكە نزیك دەبێتەوە لە تەواوبوونی وەرزی خوێندن لە قوتابخانەكان”.
گووتیشی: ” ئاشكر او روونە كە دەسەڵاتدارانی عێراق لە لایەك دەیانەوێت یاری بە هەست و سۆزی مووچەخۆران بكەن و ئاسایشی كۆمەڵایەتی خێزانی كوردی تێك بدەن، لەلایەكی تریشەوە بۆ بێهێزكردنی پێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بۆ شەس ساڵ دەچێت خۆراگرانە بەرامبەر ئەو ناحەقییەی دەسەڵاتدارانی عێراق وەستاوەتەوە، ئەگەرنا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان پاروویەكە لە چاو ئەو ملیار دۆلارانەی كە دەسەڵاتدارانی عێراق بەهەدەریان داوە و بردوویانە.

































































