مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
لە سەرەتای ئەمساڵەوە زياتر له بيست كۆڵبەری منداڵ لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوور پارێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوونەتە قوربانی.
درەنگانی شەوی 9 ی كانوونی یەكەمی 2023 منداڵێكی تەمەن 17 ساڵ بە ناوی پەرهام محەممەدی خەڵكی دێولان ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لە كاتی كۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژالی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوور پارێزەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی برینداركراوە و بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە ڕووداوەكە، پەرهام هەر دوو پێی بە چەكی تاپڕ (ساچمە) بە سەختی پێكراوە و بەمەبەستی چارەسەری ڕەوانەی یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ناوچەكە كراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 25 منداڵ لە كاتی كۆڵبەریدا لە سنوورەكانی ڕۆژهەڵات و باشووری كوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بوون و یەكێكیش گیانی لەدەستداوە.