بەختیار سەباح-زاری كرمانجی:
چەندان ساڵە لە گەڕەكی بانەزێوك، لە قەزای ڕواندز دوو رێگە داخراون، هاووڵاتییانیش گلەیی لە نەكردنەوەی رێگەكان دەكەن و دەڵێن ” ئەو رێگایانە هاتووچۆی بۆ قوتابییان و خەڵك ئەستەم كردوو”.
لە گەڕەكی بانەزێوك لە قەزای ڕواندز، چەندان ساڵە رێگەی بەردەم بەشی پۆلیسی ڕواندز و رێگەیەكی پردی پەڕینەوە بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان و قوتابییان داخراوە، ئەو دوو رێگەیە هاتووچۆكردنی قوتابییان بۆ قوتابخانەو باخچەی منداڵان نزیك دەكاتەوە.
مامۆستا مەلا مەجید حمەدەمین، وتاربێژی مزگەوتی حاجی عەبدوڵلا لەمبارەیەوە بۆ زاری كرمانجی گووتی: “ئێمە سەبارەت بەو گرفتە سەردانی لایەنی پەیوەندارمان كرد، داواكاری زۆربەی خەڵكمان پێڕاگەیاندن، بۆ ئەوەی ئەم دوو ڕێگەیە بكەنەوە، چونكه ئاسانكارییەكی باشە بۆ هاووڵاتییان و بە تایبەت بۆ قوتابییان كە زوو دەگەنە قوتابخانه، بۆ ئەوەی ئەو رێگە دوورە نەبڕن”.
گووتیشی، زۆرجار لە وەرزی زستان شەقامی گشتی، بەهۆی لێژی رێگەكه و بارینی بەفر، گرفتی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت و دەبێتە هۆی مەترسی.
لای خۆیەوە چیا محەممەد، سەرۆكی شارەوانی ڕواندز سەبارەت بە گرتنی ئەو دوو ڕێگەیە، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند ” ڕیگەكان هاتووچۆی پیادەی پێدا دەكرێت، تەنیا هاتووچۆی ئۆتۆمۆبێل نەبێت، ئەوەش بۆ رێگەگرتن بووە لە زێدەڕۆیی بۆسەر موڵكی حكوومەت، لە گەڕەكی بانەزێوك و كانی”.
پتر روونیكردەوە، ئەگەر ئەو دوو ڕێگەیە بكەینەوە، زێدەڕۆییەكان زیاتر دەبن، دەبێت كارمەندی پۆلیس دابنێین، ئەو میلاكەش نییە كە بتوانین پۆلیس دابنێین، بۆیە ناتوانین لە وەرزی زستانیش بكەینەوە.


