شەهلا رەشید- سۆران:
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی فێركاری سۆران، دەڵێت” بەكارهێنانی دەرمان بەبێ ڕاوێژی پزیشك تایبەت بۆ منداڵان كاریگەری خراپی دەبێت.
د. ڕیباز باڵەك، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی فێركاری سۆران، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” بەكارهێنانی هەر دەرمانێك بەپێی نەخۆشی و تەمەن دیاری دەكرێت، هەروەها دەبی بزانین نیشانەكانی نەخۆشی چین بەگوێرەی ئەمە بڕیار بدەین، دەرمانەكانیش جیاوازن، دژە بەكتریا، ڤایرۆس و كەڕووەكانە .
روونی كردەوە، كاتێك پشكنین بۆ نەخۆشەكە دەكرێت 80% دیاری دەكات كە چ نەخۆشییەكی هەیە، بۆ ئەوەی 100% دڵنیا بن هەندێك پشكنینی دیكەش ئەنجام دەدەن، ئەوانەش بەشێكییان پشكنینی تاقیگەی و تیشكین، ئەو كات دەگەنە دەرەنجامی كۆتای و دەزانن حاڵەتەكە چییە، دواتر پزیشك بەپێی جۆری نەخۆشییەكە دەرمانەكان، هەروەها رێنمایی دەداتە كەسەكە بۆ بینینی پزیشك دووبارە، چونكە هەندێك نەخۆشی هەن پێویستە دوای بەكارهێنانی دەرمانەكان دووبارە سەردانی پزیشك بكات بۆ ئەوەی بزانێت دەرەنجامەكان دوای ئەو ماوەیە چی دەبن، لەبەر ئەوەی جاری وا هەیە منداڵەكە دوای بەكارهێنانی دەرمانەكان تووشی هەستیاری دەبێتەوە، هەر بۆیەش بەكارهێنانی دەرمان بەشَوەیەكی هەڕەمەكی بەپێی تێپەڕبوونی كات دەبێتە هۆكاری زۆر خراپ بۆ ئەوەی نەتوانن لە داهاتوودا ڕووڵی چارەسەركردنیان هەبێت لەسەر نەخۆشەكە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆران، ئاشكراشی كرد:” ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی باسی منداڵ بكەین سەرووی 90%ی هەوكردنەكان ڤایرۆسین، ئەمەش پێویست بەوە ناكات ئەو هەموو دەرمانە دژە بەكتریانەی وەك ئەمۆكسین، ئەزیترۆمایسڵ و …هتد، بەكاربهێنی، ئەمانە لە حاڵەتێكدا دەتوانن بەكاربێنن كە لەگەڵ ڤایرۆسەكە هەوكردنی بەكتریای هەبێت، ئەگەرنا بەكارهێنانی هەڕەمەكی هۆكاری زۆر خراپی لێدەكەوێتەوە و بەرگری دژی دەرمانەكە دروست دەكات و بۆ نموونە ئەگەر جارێكی تر بەكاربهێنێت لەوانەیە كاریگەری نەبێت و سوودی لێوەرنەگرێت، چونكە لە بواری پزیشكیدا دەرمانەكانی سادە دەستپێدەكرێت هەتا دەگاتە دەرمانە تووندەكان واتە تەمەن و جۆری نەخۆشییەكان دەور دەبینن.
دكتۆر رێباز، گووتیشی:” هاووڵاتییان پێویستە لە بەكارهێنانی دەرمانەكان زۆر وریا بن و هەوڵبدەن بەبێ ڕاوێژی پزیشك لەكارنەهێنن، تایبەت بۆ منداڵان، چونكە بەكارهێنان دەرمان بەشێوەی هەڕەمەكی جگە لەوەی بۆ بەكارهێنەرەكە زیانبەخشە، بگرە زیان بە كۆمەڵگەش دەگەیەنێت.


































































