دیدار-محەمەد هەسنانی
بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە دیدارێكی زاری كرمانجی، تیشكدەخاتە سەر ماف و ئیمتیازاتەكانی كەس و كاری شەهیدان و دەشڵێت: ” تۆمار كردنی ناوی وارس و كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پڕۆژەی هەژماری من لە بەرنامەدایە.
د. كەریم كاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: ” لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان واتە قەزاو ناحیەو گوندەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ناوی زیاتر لە هەشت هەزار شەهیدو ئەنفالكراو تۆمار كراوە، كە بریتین لە سێ جۆر واتە شەهیدی (سەنگەر، جینوساید، شەهیدی هاووڵاتی) لەلایەن وارس و كەس و كاریان لە وەرگرتنی مووچەو ماف و ئیمتیازاتەكان سودمەند دەبن، بەپێی یاساو رێنماییەكانی حكوومەت و وەزارەتی كاروباری شەهیدان”.
بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گووتیشی: ” شەهیدانی شەڕی داعش و بەرگرییەكانی دیكەی، بەهەمانشێوە لەوەرگرتنی ماف و ئیمتیازاتەكان سوودمەند دەبن و كاریش لەسەر گواستنەوەی دۆسییەكانیان دەكرێت بۆ سەر وەزارەتی كاروباری شەهیدان، سەبارەت بە پێدانی زەووی بە كەس و كاری شەهیدان لە ئێستادا لەلایەن حكوومەت راگیراوە، لەبری ئەوە پێشنیاری پێدانی یەكەی نیشتەجێبوون كراوە بۆیان، ئەمەش زیاتر لەبەرژەوەندی كەس و كارو وارسی شەهیدانەوەیە”.
دەربارەی دابین كردنی كرێی خوێندن بۆ قوتابیانی شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاماژەی بەوەدا: ” ئەو قوتابیانەی سوودمەند دەبن لە خەرجی كرێی خوێندنیان بریتین لە خێزان و كوڕو كچ و خێزانی شەهیدانی سەنگەر و ئەنفالكراوان، واتە شەهیدی هاووڵاتی ناگرێتەوەو كرێی خوێندنی منداڵ و خێزانەكانیان بۆ خەرج ناكرێت”.
لە وڵامی ئەو پرسیارەی ئایا موچەی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار دەكرێت: ” د. كەریم كاوە، ئاشكرای دەكات: ” هەژماری من بە كارێكی گرنگ دەزانین و ئێستا لەسەر خەتین لەگەڵ ئەو دەستەیەی كە سەرپەرشتی پڕۆژەكە دەكات، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا وارس و كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەژماری تایبەت بەخۆیان لەبانكەكان بۆ بكرێتەوە، بەڵام پرۆسەكە لەژێر هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەیە بۆ ئەوەی گرفتی تێدا دروست نەبێت و وەك خۆی بەڕێوەبچێت، پێشبینی دەكەین لە داهاتوودا لە سنوورەكەشمان دەست بەم پرۆسەیە بكرێت”.
سەبارەت بەوەی لەوانەیە شەهیدو ئەنفالكراوی واهەبێت، موچەكەی كرابێتە چەند بەشێك لەلایەن خێزان و وارسەكانی وەربگیرێت، ئایا ئەم گرفت بۆ هەژماری من دروست ناكات.؟ بەڕێوەبەری گشتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دڵنیایی دەداتە كەس و كارو وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان و دەڵێت: ” بەهەمان ئەو موچەی شەهید كە ئێستا وەری دەگرن، هەر یەكەو هەژمارێكی تایبەتیان بۆ دەكرێتەوەو لەم ڕووەوە كێشەیان بۆ دروست نابێت.