د. ئازا – زاری کرمانجی:
عیسا محەممەد، بەرپرسی چالاکیی وەرزشی لە بەرێوەبەرایەتیی پەروەردەی چۆمان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: جێگەی داخە وەرزش بە گشتی لە قەزای چۆمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرە و دواوە دەڕوات و هۆکارەکەشی زیاتر دەگەڕێنمەوە بۆ خراپی دۆخی دارایی کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە، هەروەها هاوکار نەبوونی بەرپرسانی چۆمان بۆ وەرزش هۆکارێکی ترە هەرچەند ئەم دوو ساڵەی دوایی تا ڕادەیەک قائمقامیەتی چۆمان بەدەم یارمەتیدانی وەرزشەوە هاتووە بەڵام قەزای چۆمان شوێنێکی بەرفراوانە و شایستەی خزمەتی زیاترە و پێویستە هەموومان پێکەوە هاوکاربین لە پێناو پێشکەوتن و بەرەو پێچوونی دەڤەرەکە.
زیاتر گووتی: پێویستە قوتابییان و لاوانی چۆمان زیاتر بایەخ بە وەرزش بدەن، کاتی بەتاڵیان لە کاری چاک بەکار بهێنن و خۆیان دوور بگرن لەو شتانەی کە زیانیان پێ دەگێنێت لە نمونەی جگەرە و نەرگیلە و شتە خەراپەکانی تر.
ئەو بەرپرسە، دووپات لەوەدەكاتەوە،: سەرەڕای ئاستەنگەکان کچان و کوڕانی چۆمان بەردەوامن لە بەدەستهێنانی ئەنجامی بە نرخ لە ئاستی عێڕاق لە یاری تایکواندۆ، لە ئاستی هەرێمی کوردستان لە یاری فوتساڵ و لە ئاستی پەروەردەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران یەکەمی یاری ڕاکردنی ماوە درێژین و لەگەڵ چەندین دەستکەوتی تر کە جێگای شانازین.
عیسا محەممەد، گووتیشی:” هیوادارم خزمەتی زیاتری یاریزان و لاوانی دەڤەری باڵەکایەتی بکرێت و لایەنی پەیوەندیدار بە ڕژدی کاربکات بۆ بەرەو پێشچوونی سێکتەری وەرزشی لە سنووری چۆمان و دەوروبەری.