شەهلا رەشید- زاری كرمانجی :
لەگەڵ گۆڕینی وەرزەكان هەوا ئاڵۆگۆڕی بەسەردا دێت، ئەمەش دەبێتە هۆكاری تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشی، كاتێ هەوای گەرم و ساردیان بەر دەكەوێت، تووشی تا و لووت گیران و چەند نەخۆشییەكی دیكە دەبن.
د. رێباز ئەحمەد، پزیشكی شارەزا لە تەندروستی و نەخۆشییەكانی منداڵان، سەبارەت بە گۆڕینی وەرز و نەخۆشبوونی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” ئاشكرایە لەكاتی وەرزێكەوە بۆ وەرزێكی دیكە و كرانەوەی دەرگای قوتابخانەكان، زۆرجار دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتا وەرزیەكان و نەخۆشییە ڤایرۆسەكان لەنێو منداڵاندا، پێش ئەوەی ئەم حاڵەتانە بۆ منداڵەكان بێنە پێش پێویستە ئەوان فێری خۆپارێزی بكرێن و بەرگری جەستەیان بەهێز بكرێت، ئەمەش لە رێگەی خواردنی تەندروست و شلەمەنی و ڤیتامینەكان.
ئەوەشی خستەڕوو” بۆ ئەوەی منداڵەكانمان بە تووندی تووشی نەخۆشییەكە نەبن پێویستە چەند خاڵێكی گرنگ پەیڕەو بكرێن، لەوانە خەوتنی پێویست، وەرزشێكی گونجاو لەگەڵ تەمەنی منداڵەكە، خواردنەوەی شلەمەنی و خواردنی دەوڵەمەند بە زینك و ڤیتامیناتەكانی وەك (A,C,D) ئەوانەی كە بەرگری جەستە بەهێز دەكەن، خاڵێكی دیكەی گرنگ بریتیە لە وەرگرتنی پشوو، واتە كاتێ منداڵەكە نەخۆش دەكەوێت بە مەبەستی رێگریكرن لە بڵاوبوونەوە و بۆ ئەوەی ئەوانی دیكە پارێزراو بن و تووشی نەخۆشییەكە نەبن، هەروەها پێویستە ئاگاداری بەرزبوونەوەی تای منداڵەكە بن و لە ماڵەوە ساردكردنەوەی بۆ بەكار بهێنرێت و لەكاتی پێویست دەرمانیان بدەنێ.
گووتیشی” هەر كات منداڵەكە تەمەنی لە خوار شەش مانگی بوو، تایەكەی لە ماڵەوە دانەبەزی، نیشانەی وشكبوونەوەی هەبوو و نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەك دڵ و سییەكانی هەبوو، ئەوانە بەرگری جەستەیان لاوازە و لەكاتی نەخۆش كەوتنیان پێویستە پزیشكی شارەزا نەخۆشەكە ببینێت.