مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئێران ڕێگری لە خانەوادەی ژینا ئەمینی دەكات تا بەشداری لە ڕێورەسمی پێشكەشكردنی خەڵاتی ساخارۆفدا لە پەرلەمانی ئەورووپا نەكەن.
دوێنێ 9 ی كانوونی یەكەمی 2023، لە فڕۆكەخانەی خومەینیی تاران، هێزە ئەمنییەكانی ئێران، مۆڵەتیان بە بنەماڵەی ژینا ئەمینی نەدا بە مەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی پێشكەشكردنی خەڵاتی ساخارۆفدا لە پەرلەمانی ئەورووپا بۆ وڵاتی فەرەنسا سەفەر بكەن.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاوی كردەوە “موژگان ئیفتیخاری، ئەمجەد ئەمینی و ئەشكان ئەمینی لەگەڵ ساڵح نیكبەختدا، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، بە مەبەستی بەشداریكردن لە ڕێوڕەسمی پێشكەشكردنی خەڵاتی ساخارۆفدا لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا چوونەتە فڕۆكەخانەی خومەینیی تاران، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی سەفەركردنیان بە بنەماڵەی ئەمینی نەداوە و دواجار تەنیا ڕێگەیان بە پارێزەرەكەیان داوە سەفەر بكات.”
هێزە ئەمنییەكان ڕایانگەیاندووە كە بنەماڵەی ئەمینی قەدەخەی چوونە دەرەوەیان لەسەرە و دوای لێپرسینەوە، دەستیان بەسەر پاسپۆرتەكانیشیاندا گرتووە.
وا بڕیارە ساڵح نیكبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، بە نوێنەرایەتی لە بنەماڵەكەیەوە لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداری بكات.
هاوكات، رۆبێرتا مێتسۆلا سەرۆكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا داوای لە ئێران كرد، رێ بەو بنەماڵەیە بدات رۆژی سێشەم لە رێوڕەسمی خەڵاتی ساخارۆفدا بەشداری بكەن.
پەرلەمانی ئەورووپا خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٣ی ساخارۆفی پێشكەشی ژینا ئەمینی و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی كردووە. وا بڕیارە ڕێوڕەسمی پێشكەشكردنی ئەم خەڵاتە 12 ی ئەم مانگە لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا بەڕێوە بچێت.