ئوسامە نیعمەت- زاری کرمانجی
وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران رایدەگەیەنێت بەشێک لە باڵەخانە کۆنەکان، مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە و بەهیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە پەیژەکانی دەرچوونی خێرا لە باڵەخانەکان دابخرێن.
ئەمڕۆ شەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2023، رەوەند مەغدید، وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند، بەپێی لیژنەیەک کە لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان درووستکراوە، رێگاپێدان بە هیچ باڵەخانەیەک نادەین کە مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نەبێت.
رەوەند مەغدید رایگەیاند، ئەوان پێشتر بە نووسراو لایەنە پەیوەندیدارەکانیان ئاگادار کردووەتەوە کە هیچ باڵەخانەیەک کە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران درووست دەکرێن مۆڵەتییان پێنەدرێت، تاکو بە فلتەرەکانی لیژنەی بەرگری شارستانی تێنەپەڕن.
وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران ئەوەشی راگەیاند، بۆ وەرگرتنی رەزامەندی ئەوان، پێوویستە مەرجەکانی سەلامەتی لە بنەڕەتدا لە نەخشەکەیاندا هەبێت و لە جێبەجێ کردنیش ئێمە چاودێرییان دەکەین.
لەبارەی پەیژەکانی دەرچوونی خێرا لە باڵەخانەکان رەوەند مەغدید ئاماژەی بەوەشدا، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە ئەم رێگایە لەسەر هاووڵاتیان دابخرێت، چونکە ئەم رێگایە بۆ “حاڵەتی لەناکاوە” بۆ دەربازبوون لە هەر رووداوێک.
شەوی هەینی 8ی کانوونی یەکەم، ئاگر لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتەوە و بەهۆیەوە 14 کەس گیانیانلەدەستدا، کە 10 پیاو و 4 ئافرەت بوون.