ڕۆژان قیاس_زاری كرمانجی:
دوابەدوای هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر كەمپ و بارەگا ناوەندییەكانی حزبەكانی ڕۆژهەڵات لە خاكی هەرێمی كوردستان، شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان پێشمەرگە و هاووڵاتی رۆژهەڵات. تەواوی حزبە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان داوایان لە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان كرد بۆ ڕۆژی شەممە 9 ی ڕەزبەر، بەرامبەر 1 ی 10 ی 2022 لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان مان بگرن لە كار.
لە لایەكی ترەوە بە پێی هەواڵێكی ماڵپەڕی ئێران وایەر كە رۆژی پێنچشەممە بڵاوكراوەتەوە، (ناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران) بە بڵاوكردنەوەی بانگەوازییەك داوای لە (جەماوەری خەڵكی كوردستان) كرد بۆ شەرمەزاركردنی ئەو هێرشانە رۆژی شەممە، شار و بازاڕ دابخەن و نەچنە سەر كار، لەو ڕاگەیەنراوانەدا داوا لە هەموو خەڵكی ئێران كراوە بە پشتگیریكردنی ئەو مانگرتنە، هاوخەمی خۆیان بۆ خەڵكی كوردستان نیشان بدەن.
لە لایەكی دیكەوە(كۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان – (كژار) ) و ( پارتی ژیانی ئازادی كوردستان – (پژاك) ) و (كۆمەڵگەی دیموكرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان – ( كۆدار) ) بە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەش داوایان لە “گەلی ڕۆژهەڵاتی كوردستان” كردووە بەشداری ئەو مانگرتنەی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵات بكەن.