ئەڤین بارزانی
هەرچەندە چەندین جار ئاماژەی پێکراوە، دادگای فیدراڵی دەکرێت وەک کارتێکی سیاسی دژ بە هەرێمی کوردستان بەکاربهێنرێت، بەڵام پێویستە ئەم ڕاستییەش بەباشی بزانین، بۆ دادگای فیدراڵی توانی بڕیارێکی وا دژی خەڵکی کوردستان بدرێت و هۆکارەکەی چییە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بێ پەرلەمان بێت.
هەرچەندە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 25/02/2024 بۆ هەڵبژاردن دیاری کرد و پەرلەمانی عێراقیش تەمەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەیی شەش مانگ درێژ کرد، بەڵام جارێ هەموو شتەکان تەوار نەبوون و تا ئێستاش مەترسی دواخستنی هەلبژاردنەکان بەردەوامن.
ئەو سکالایی کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەبارەت ب سیستەمی هەلبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە دادگەهی فیدرالی تۆمارکرا، دروست نەبوو. چونکە دەبوو سیستمی هەڵبژاردن بگۆڕدرێت و پرسی پشکی کورسی کۆتاش پرسێکی دیکەیە، هەرچەندە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق هەنگاوێکی گەورەیە بۆ ئەو ماوەیە لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بەڵام ئەگەر هێزە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان بە زووترین کات سەبارەت ب هەلبژاردنەکان نەگەنە ڕێککەوتن ئەوە کێشەی زۆر دروست دەبیت.
بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە دۆخێکدا کە بەغدا بە هەموو شێوەیەک کار بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان دەکات، نەبوونی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەیەکی گەورەیە و هەموو هێزە سیاسییەکان و بەتایبەتی هێزەکانی کە کێشە بۆ هەلبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانیان دروست کرد، دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بیکەن بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندی باڵای خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی خۆیان.
خاڵێکی تری زۆر گرنگ بوونی دەستوورە بۆ هەرێمی کوردستان، هەرچەندە دەستووری عێراق ڕێگەی بە هەرێمی کوردستان داوە دەستووری هەبێت، بەڵام دیسانەوە بەهۆی ململانێی هێزە سیاسییەکانەوە هەرێمی کوردستان هێشتا بێ دەستوورە، گرنگترین ئەرکی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانە دوای هەلبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوە کار بۆ ئامادەکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان بیکەن، دیارە ئەگەر هەرێمی کوردستان دەستووری تایبەتی خۆی هەبێت، ئەو پرسانە بەدی نایەت، بۆیە بوونی… دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.
بابەتی کورسی کۆتا ل هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، ئەمە نیشانی هەبوونی دیموکراسی و پێکەوەژیانە ل هەرێمی کوردستان، بوونی بیروباوەر و بۆچوونی جیاواز لە هەرێمی کوردستان، بوونی نوێنەرەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەیی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات، ئێستا ئەگەر دەستکاری بابەتی کورسی کۆتا بکرێت ئەمە لێکەوتەی زۆر خراپی دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان، نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە سەرکردەکانی ولاتانی جیهان کە سەرەدانی هەرێمی کوردستان دەکەن و هەمیشە باس لە پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
نابێت بە هیچ شێوەیەک دەستکاری کۆرسی کۆتا ل هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ئەمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش پشتیوانی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە و بەدڵنیاییەوە لێکەوتەی زۆر خراپی بۆ هەموو خەلکی هەرێمی کوردستان دەبێت، لەبەر ئەم هۆکارانەش دەبێت هاوڵاتیان و هێزە سیاسییەکان بە توندی ئەمە ڕەتبەکەنەوە.