دوای هەڕەشەكانی هێزی ئەمریكا لە حكومەتی محەمەد شیاع سودانی، لەئەگەری رانەگرتنی ئەو هێرشانەی لە لایەن هێزەكانی سەربە ئێرانەوە دەكرێتە سەریان، وەڵامی توندیان دەبێت، كێشە كەوتۆتە نێوان هێز و گرووپەكانی نێو حەشدی شەعبی و هەندێكیان پێیانوایە دەبێ رێگە لە هێرشەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا بگیرێت، هەندێكشیان پێیانوایە ناكرێت پابەندی خواستی ئەمریكا بن و هێرشەكان نەوەستێنن.
ئەم دوو ئاراستە لە بیر كردنەوە وای كردووە كە حكومەتی سودانی و چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو هێزانەی كە پابەندی بڕیارەكانی راگرتنی هێرشكردنەسەر هێزەكانی ئەمریكا نین، پەراوێز بخرێن، لە نێویشیاندا كەتیبەكانی حزبولڵا و مەقاوەمەی ئیسلامی.
ئەم گوشارەی سودانی وایكردووە كە ناكۆكییەكان لە نێو لایەنە شیعەكان گەشە بكات و ئەگەری بەریەككەوتنی سەربازی لە نێو ئەو گرووپانە لە ئارادایە.
بە تایبەتی لە چەند رۆژی رابردوو لە هێرشێكی هێزەكانی ئەمریكا چەندین هێزی سەربە حەشدی شەعبی لە شارە جیاكانی عێراق كوژران.