رێبوار حەمەلاو شوانی
لە سەڕەتاوە گرنگە ئەو راستییە بزانین کە هەموو لایەنەسیاسییەکانی عێراق لە سەر سیستەمێکی فیدڕاڵیی و دیموکراسی نەک سەنتراڵیی و دیموکراسی و هاوبەشی ڕێککەوتن تاکو ئاسەواری دەیان ساڵە کارەسات و ماڵوێرانی کە بەهۆی زێهینیەتی تاکڕەویی و ناوەندگەڕایی بە واتایی زۆرینەی دیکتاتۆری و مامەڵەکردنی ستەمکارانە لەگەڵ گەل و پێکهاتەکانی ناو عێراق کۆتایی پێبێت بەتایبەتی بۆ ئێمەی کورد وەک دووەم گەورە نەتەوە لە نێو دەوڵەتێکدا لەرابردوو هەرچی ستەمکاری وزۆرداری و چەکی کۆمەڵکوژ و زیندەبەچاڵکردن بۆ سڕینەوە و ڕێشەکێشکردنی مۆڕکی نەتەوەییمان بەکارهێنرا .
لێرەدا ، دەبێ ئەو راستییە روون بێت کە ئایا عێراق بنەماکانی دەوڵەتێکی فیدڕاڵیی جێبەجێکردووە یان بەهەمان شێوەی حکوومەتەکانی رابردوو یانیش خراپتر بەشێوەی سەنتراڵییی مامەڵەی کردووە ، ئەگەر بە وردی هەڵوەستە لە سەر هۆشدارییەکانی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و بەتایبەت سەرۆک بارزانی بکەین ، ڕێک ئەو مامەڵەیەی کە لەم چەند ساڵەی دواییدا دەسەڵاتدارانی عێراق بەرامبەر بنەماکانی فیدڕاڵیی و دەستوور وهاوبەشی پەیرەو دەکەن و لە ئێستاشدا دادگەی فیدڕاڵیشیان کردۆتە ئامرازێک بۆ سەنتراڵیزمی بە ئاسانی هەستی پێدەکرێت ، هەروەها هۆشدارییەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەڵەتییەکان و پێشێڵکارییەکانی بەغدا پێمان دەڵێن کە عێراق وەكو دەوڵەتێكی فیدراڵی كەچی بەرەو تاكڕەویی و پاوانخوازی گرووپێكی عێراقی هەنگاو دەنێت، دژایەتیكردنی هەرێمیان كردووەتە مەرام و ئامانجی سەرەكی خۆیان، گرفتەكە لەوەدایە لەنێوخۆشدا كلتووری حزبایەتی هێشتا پێنەگەیشتووەو لەناو زۆر لەحزبەكاندا رەفتارو كردارەكان دژی حكومەتی خەڵك و قەوارەی هەرێمە، لەكاتێكدا لە پرۆسەی فیدراڵی و دیموكراتی دا مەرجە هەموو ئامانج و ستراتیژییەكان لەپێناو ئامانجە گەورەكە بێت، كە خزمەتكردنی خەڵك و دابینكردنی موچە و پێداویستییەكانیان و پەرەپێدانی بەردەوام بێت،بەتایبەتی کاتێک هێرشدەكرێتە سەر كورد، سەرەتا هێرش دەكەنە سەر سەرکردە نیشتمانی و نەتەوایەتییەكەی كورد كە بارزانی و هەردوو سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان و قەوارەکەی و حکوومەتی کوردستان ، دەستبردن بۆ مووچە وبوودجەی کوردستان و بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار لە پێناو بە چۆککدانانی هاووڵاتیانی کوردستان هیچی کەمتر نییە لەو چەکە کۆمەڵکوژانەی کە ڕژێمەکانی پێشووتر دژ بە گەلی کورد و خەباتە رەواکەی ئەنجام دەدرا .
ئاشکرایە، هەموو ئەو هەنگاوانە نادەستوور و نایاسایی و نامرۆڤایەتییانەی کە کە حکومڕانانی عێراق بە رامبەر بە کوردستان گڕتوویانەتەبەر لەپێناو نانەوەی ئاژاوەو دووبەرەكی و پشێویی بۆ ئەوەی كۆتایی بە هزری نەتەوەیی و نیشتمانی كورد لەناوچەكەدا بهێنرێت و بەرەو عێراقێكی پڕ لە هزری شۆڤێنی و مەزهەبی و دژایەتیكردنی كورد رابكێشرێتە ناو چارەنووسێكی نادیارەوە. جوانترین بەڵگەش تەسلیمكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی هەموو پابەندبوونەكانی خۆمان بوو لەگەڵ بەغدا، لەبەرامبەردا لەبری ئەوەی پشكی هەرێمی كوردستان و ماددە و بڕگەكانی دەستوور جێبەجێ بكرێت كەچی بڕیار لەدوای بڕیار بۆ سڕكردن و لەناوبردنی حكومەتی خەڵكی كوردستان دەدرێت، لەم گێژاوەو پیلان و مەرام و فریودانەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە بەهیچ شێوەیەك ئامادەنابێت سازش لە مافە دەستوورییەكان بكات.
لە راستیدا سەركەوتنی فیدڕاڵیزم پێویستی بە كەلتووری دیموكراتی هەیە كە ئەمەش نەك ئێستا، بەڵكو لە داهاتووی دووریش لە عێراق جێگیر نابێت،. بەدڵنییاییەوە دەڵێم ، کە دوای 19 ساڵ و خەسڵەتەکان و کردەوەکانی بەغدا بەرامبەر بە مافەرەواکانی گەلی کورد ، مانەوە لەگەڵ ئەم عێراقەی ئێستا درێژەدانە بەو گرفت و كێشانەی كوردستان و ئەگەری سەندنەوەی ئەو ماف و دەستكەوتانەشی هەیە كە تا ئێستا هەیەتی و هیچ ئاسۆیەكی چارەسەریش بەدی ناكرێت.بەدڵنییاییەوە ، بوونی گەلێکی خۆڕاگر و نیشتیمانپەوەر وکوردپەوەر و سەرکردایەتییەکی ژیرانە وادەکات کە ئەم شەڕە سەختەی عێراق بەرامبەر کوردستان بەهەمان شەڕی سەركەوتووی بڕینی بودجە و گەمارۆی ئابووری و دابەزینی بەهای نەوت و شوێنەوارەكانی كۆڕۆنا و گۆڕانكاری كەشوهەوا و وشكەساڵی تێیدا سەركەوتوو دەبین، مادام حكومەت خزمەتكار و پارێزەری ژیان و ماڵ و حاڵی هاووڵاتییانی خۆیەتی و خەڵكیش حكومەت بە حكومەتی خۆیان دەزانن و رۆحی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی لەوپەڕی بەرزیدایە،، لە رۆژە سەختەكاندا لە بەرپرسیاریەتی هەڵنایەن بە هەموو ئەو كەموكورتییانەشەوە كە داگیركەران دروستیان كردووە، تاكە ئومێد و ترووسكاییەك هەر بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە.