موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
نزیكەی 13 ساڵە، پردی هاتووچۆی گوندی دوورەمڵك لە سنووری قەزای سیدەكان ڕووخاوە و تا ئێستا چاكنەكراوەتەوە، دانیشتوانی گوندەكەش لە ڕێگەی زاری كرمانجی داوا لە لایەنی پەیوەندی دار دەكەن چارەسەرێكیان لێ بكرێت .
مەهدی محەمەد دانیشتوی گوندی دوورەمڵك، بە زاری كرمانجی گووت:” لە ساڵی 2011 بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاوی ڕووبار، پردی گوندەكەمان كە ناحیەی مەزنێ و كانیەڕەش و دەشتی هێرت بە قەزای سیدەكان دەبەستێتەوە ڕووخاوە و ئاو بردوویەتی، بەم هۆیەش گرفتی سەرەكیمان بۆ دروست بووە و ڕێگەی هاتووچۆمان پەكی كەوتووە و بە چەندین كیلۆمەتر ڕێگامان بۆ سۆران و گوندەكانی دەورووبەر دووركەوتۆتەوە، لە زستانانیش بەهۆی ڕووبار مەترسی زۆر لەسەر ژیانی دانیشتوانی گوند و ئاژەڵدار و كاسبكاران دروست دەبێت .
زیاتر گووتی:” نەبوونی خزمەت گوزارییە سەرەتاییەكانی ژیان بەتایبەت پردی هاتووچۆ وای كردووە گوندەكەمان بەرەوچۆڵ بوون بچێت و چەندین ماڵ بەم هۆكارە بە ناچاری گوندەكەیان جێهێشتووە، لە كاتێكدا چەندین جار داواكاریمان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندی دار كردووە تا ئێستا هیچ هەوڵێك نەدراوە بۆ دروست كردنەوەی پردی هاتووچۆمان.
ڕەشاد ڕەئوف دانیشتووی هەمان گوند، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت، بەهۆی نەبوونی پردی هاتووچۆ و مەترسی ڕێگاكە لە كاتی بەرز بوونەوەی ئاوی ڕووبار، بە ناچاری منداڵەكانم كە قوتابین گواستوومەتە سۆران و لەوێ خانووم بۆ بەكرێ گرتووە، ئەمەش بارگرانی لەسەر ئێمە دروست كردووە، داوا لە قائیمقامی سیدەكان و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەكەم چارەسەرێكمان بۆ لەو پردە بكەن .
لای خۆیەوە، ئیحسان چەلەبی قائیمقامی قەزای سیدەكان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە نزیكەوە ئاگاداری گرفتی هاتووچۆی ئەو گوندەین كە بەهۆی ڕووخانی پردی هاتووچۆ كێشەیان بۆ دروست بووە، دەرخەستە بۆ چاككردنەوەی پردەكە كراوە نزیكەی 400 ملیۆن دینار بۆ دروست كردنەوەی پردێكی نوێ پێویستە، ئاڕاستەی سەرووی خۆمان كردووە و تا ئێستاش ڕەزامەندی وەرنەگیراوە .
قائیمقامی قەزای سیدەكان، دەڵێت:” ساڵانی پێشتر پردێكی پیادە ” بۆسە ” بۆ پەڕینەوەی پیادەی هاووڵاتییان لە ڕووبار دروست كرابوو، بەڵام ئەویش بەهۆی بەرز بوونەوەی ئاوی ڕووبار و لافاو لەكاركەوت .
چەلەبی، گووتیشی:” دروست كردنەوەی ئەو پردە لە گوندی دوورەمڵك بەپێویست دەزانین، چونكە جیا لە ئاسانكاری بۆ دانیشتوانی گوندەكە، لە هەمان كات چەندین گوند و دوو ناحیە بە سەنتەری قەزامان دەبەستێتەوە”.