مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرپرسێكی پێشمەرگە وردەكاریی خەرجكردنی مووچەی ساڵێك و شەش مانگی ئەو كەسانە ئاشكرا دەكات، كە خانەنشین دەكرێن.
لیوا سەرحەد جەلال لاوەرانی، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و كەمئەندامی لە وەزارەتی پێشمەرگە، زانیاری نوێ لە بارەی خەرجكردنی ئەو چەند مووچەیە بەسەریەكەوە دەخاتە ڕوو و دەڵێ “لە ئێستادا خەرجكردنی پاداشتی خانەنشینی بۆ خانەنشینی سەربازی و كۆچكردوو و ئەوانەی بە هۆكاری تەندروستی خانەنشین دەبن، بەردەوامە و پارەكەیان بۆ خەرج دەكرێت.”
مەرجی خەرجكردنی ئەو بڕە پارەییە هەر وەكوو بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی و كەمئەندامی لە وەزارەتی پێشمەرگە هێمای بۆ دەكات، دەبێت ئەو كەسانەی خەرجكردنی پاداشتی كۆتایی خزمەت دەیانگرێتەوە، دۆسیەیان لە بەڕێوەبەرایەتییمان هەبێت و مامەڵەكانیشیان تەواو بێت.”
لیوا سەرحەد باس لەوەش دەكات كە كەمئەندام و شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش، دۆسیەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و كەمئەندامانە، هەموویان پاداشتی كۆتایی خزمەتیان بۆ خەرج كراوە و دەشڵێت “پاداشتی كۆتایی خزمەت، كۆكراوەی دوا مووچەیە بۆ ساڵێك و شەش مانگ خەرج دەكرێت، كە بەگشتی لەنێوان 12 بۆ 18 ملیۆن دینار دەبێت.”
لیوا سەرحەد ئاشكراشی دەكات بڕی 150 ملیۆن دینار بۆ ئەو پرسە تەرخانكراوە و دەشڵێت “پاداشتی كۆتایی خزمەت بە یاسا ڕێك خراوە و بەپێی پلە و ساڵانی خزمەت و بڕوانامە و مووچەكەی دەبێت.
هاوكات بە پێی نووسراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، هەر خانەنشینێكی پێشمەرگە پاداشتی خانەنشینی وەربگرێت، ئەوە ناتوانێت خزمەتی دیكە ئەگەر هەی بێت، بیخاتە سەر راژەی خانەنشینییەكەی.