مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ئیسرائیل نایەوێت بە هۆی كێوماڵكردنی تونێلەكانی حەماس زیانی گیانی بەر سەربازەكانی بكەوێت، بۆیە بیر لە ڕێگە چارەیەكی تر دەكاتەوە كە ئەویش پڕ ئاو كردنی تونێلەكانە.
بەرپرسێكی ئەمەریكی قسەی بۆ ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ كردووە و دەڵێ “ئیسرائیل سیستەمێكی گەورەی پەمپی داناوە كە ڕەنگە بۆ پڕكردنەوەی تونێلەكان و خنكاندن و دەرهێنانی چەكدارانی حەماس بێت،”
بەپێی ڕاپۆرتێكی هەمان ڕۆژنامەی ناوبراو، سوپای ئیسرائیل لە كۆتایییەكانی مانگی تشرینی دووەم، زیاتر لە پێنج پەمپی گەورەی ڕاكێشانی ئاو لە نزیك باكووری كەمپی پەنابەرانی كەنار دەریا جێگیر كردووە، كە توانای گواستنەوەی هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە كاتژمێرێكدا.
فەرماندەیەكی سەربازی ئیسرائیل كە نەیویستووە ناوی بڵاو بكرێتەوە، باس لەوە دەكات كە تا ئێستا وڵاتەكەیان بڕیاری كۆتایی نەداوە بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە، بەڵام ئەوەش دەڵێ “هەر كاتێك تەواوی بارمتەكان ڕزگار كران، ئەو كات كار لەسەر پڕ ئاو كردنی تونێلەكان دەكەین.”
بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵییەكانی ناوچەكە، بزووتنەوەی حەماس زیاتر لە 400 كم تونێلی لێ داوە لە ژێر زەوی كەرتی غەززە و سەركردەكانی ئیسرائیل ئەو تونێلانە بە داوای جاڵجاڵۆكە ناو دەبن.