زاری كرمانجی-سۆران:
راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێی وایە، ھیچ بیانوویەک بۆ یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە نەماوە و دەشڵێ، دەستبەکاربوونەوەی وەزیری پێشمەرگە، کاریگەری لەسەر پرۆسەی چاکسازی نێو ھێزەکانی پێشمەرگە دەبێت.
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، راگەیاند: “وەزیری پێشمەرگە دەیویست چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بکات و پاڵنەر بووە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی، پێم وایە پارتی و یەکێتی ئەگەر ھاوکاریی وەزیری پێشمەرگە بکەن، ھەنگاوێکی باش دەنێن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان”.
راوێژکاری سەربازیی سەرۆکی ھەرێم گوتیشی: “دوای دەستبەکاربوونەوەی وەزیری پێشمەرگە، ھیچ بیانوویەک نەماوە بۆ دواخستنی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، چونکە وەزیر و بریکار و سەرۆک ئەرکانی پێشمەرگە ھەموویان ئامادەن”.
زێباری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “بە بۆچوونی من ھاوکاری وەزیری پێشمەرگە زۆرە بۆ پرۆسەی چاکسازی و دڵنیام دەستبەکاربوونەوەی شۆڕش ئیسماعیل، کاریگەریی خۆی لەسەر یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە دەبێت”.