زاری كرمانجی – سۆران :
لاوێكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كاتی كۆڵبەری دا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لە دەستدا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 4ـی كانوونی یەكەمی 2023، ئەهوەن دەشتی تەمەن 28 ساڵی خەڵكی گوندی (میرەدێ) شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان، لە كاتی كۆڵبەری دا لە سنووری هەنگەژاڵی شارەكە، لە لایەن هێزەكانی ئێران تەقەی لێ دەكرێت و گیان لە دەستدەدات.
بە گیان لەدەستدانی ئەهوەن، ژمارەی ئەو كەسانەی لە ماوەی نۆ مانگی رابردوو لە سنووری بانە بوونەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران، گەیشتە 17 كوژراو.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە تا ئێستا تەرمی ئەهوەن ڕادەستی بنەماڵەكەی نەكراوە.