بەختیار سەباح-زاری كرمانجی:
نەهرۆ مەحموود بەگ ڕواندزی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی بۆ زاری كرمانجی گووتی: ” لەبارەی دابەشكردنی نەوت بە بڕی 50 هەزار دینار بەسەر هاووڵاتییانی كوردستان، باسێكی وا كراوە، بەڵام من وەك جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و گاز، ناڕەزایی خۆم دەربڕی، بە نوسراوی فەرمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیری نەوتم ئاگادار كردەوە، كە دەبێت نەوت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش یەك بەرمیل بە بڕی 30 هەزار دینار بێت، وەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق”.
هەروەها گووتیشی، ئەو داواكاری و یاداشتەم پێش هەموو نوێنەرانی كورد، دایە سەرۆك وەزیرانی عێراق، بەڵام هەندێ لایەنی تر دەسكەوتەكەیان كردە هی خۆیان و لە ڕاگەیاندنەكان گەورەیان كرد، ئەگەر وەڵامی نوسراوەكەم نەدرایەوە، دەتوانم سكاڵا تۆمار بكەم، چونكە دەبێت وەزیری نەوتی عێراق بە فەرمی وەڵام بداتەوە.
پتر روونیكردەوە، بەپێی ماددەكانی ( 14-15)ە لە دەستووری عێراق، هەموو هاووڵاتییەكی عێراقی بەبێ جیاوازی نەتەوەیی، ئایینی، ڕەگەزی و مەزهەبی، بابەتی ئابووری و كۆمەڵایەتی یەكسانن، ، بۆیە دەبێت له داهات و پێكاتەكانی نەوتیش یەكسان بن، چۆن بۆ هاووڵاتییانی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، یەك لیتر نەوت بە (150) دینار دابەشدەكرێت، دەبێت بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش بەو نرخە بێت.